لە بۆکان 5 هاونیشتمانیی کورد دەستبەسەرکران

10-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج هاونیشتمانیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. 
 
بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، پێنج هاونیشتیمانیی کورد لە شاری بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
 
هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ مۆڵەتی فەرمی و بڕیاری دادگە، چوونەتە سەر ماڵی ئەو هاونیشتمانییانە و دوای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستبەسەریان کردوون.
 
ناسنامەی ئەوانەی دەستبەسەرکراون بەم شێوەیەیە: هێمن ئیبراهیم حەمزە، خەڵکی گوندی قەرە گوڵی بۆکان، ئیدریس حاجی رەسوولپوور خەڵکی گوندی ئالیکەند، رەشید رەحیمی، شەهرام نانەوا و کەسێک بە ناوی زاهیر کە ناسناوەکەی دیار نییە.
 
ئیدریس حاجی رەسوولپوور، برای محەممەد حاجی رەسوولپوورە کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کرا و دواتر لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان گیانی لەدەستدا.
 
رێکخستنی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە: "هێمن ئیبراهیم حەمزە و ئیدریس حاجی رەسوولپوور بەهۆی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ دەستبەسەر کراون، بەڵام تۆمەتەکانیان دیار نییە." تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی سێ کەسەکەی دیکە و تۆمەتەکانیان دیار نییە.
 
تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە پارێزگای ورمێ و شاری بۆکان لەبارەی دەستبەسەرکردنی ئەو پێنج هاونیشتمانییە هیچ روونکردنەوەیەکیان نەبوو.
 
ئەمساڵ لە زۆربەی شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرفراوان، جیاواز و تایبەت رێوڕەسم و ئاهەنگی تایبەتی نەورۆز بەڕێوەچوون و هاونیشتمانیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان لەو ئاهەنگانەدا کرد.
 
تائێستا چەندین کەس لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوێندخواردنی دادوەر جاسم جەزا لە بەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق.

دادوەرێکى کورد بووە ئەندامى یەدەگى دادگەى فیدراڵیى عێراق

دادوەرێکى کورد وەک ئەندامى یەدەگى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سوێندى یاسایی خوارد، بۆ پڕکردنەوەى پشکى کورد لەو دادگەیە، پێشبینی دەکرێت پلەکەی بۆ دادوەرى بنەڕەتی بەرز بکرێتەوە.