هەپەگە ناسنامه‌ی سێ گەریلا ئاشكرا ده‌كات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

10-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامه‌ی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات، كه‌ لە شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 10ی ئایاری 2024 ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو سێ گەریلایەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2022، لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
 
ناسنامەی گەریلاکان بەم شێوەیە: ئۆرهان دەمیر ناسراو بە قارەمان موراد لەدایکبووی رووها، محەممەد دەرویش ناسراو بە رووبار خەمگین لەدایکبووی ماکۆ و محەممەد هەلیچ ناسراو بە فیراز ئارتێش لەدایکبووی کۆبانێ.
 
رۆژی 4ی ئایار 2024 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی 15 سەرباز و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی لە ئەنجامی دوو هێرشیان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی مەتین لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بە ئەمانجکردنی سێ گەریلای پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و هەڵدێران لە هەرێمی کوردستان.

ئەم ساڵ 61 کەس بەهۆی ئاگر، خنکان و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە، بەهۆی ئەو رووداوانە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.