ئەمڕۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە هەندێک رێگەی سلێمانی و هەڵەبجە قەدەخەیە

10-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ رێگری لە رووداوی هاتووچۆ، ئەمڕۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە هەندێک رێگەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە قەدەخەیە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، هەرکەس پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
بڕیارەکە دوای دوو رووداوی هاتووچۆ دراوە، کە 26ـی مانگی رابردوو روویاندا، یەکێکیان لە سنووری دەربەندیخان بوو کە گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی دووی دیکەی لێکەوتەوە. رووداوەکەی دیکەش لە قەزای دووکان بوو، کە بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە 15 ئۆتۆمبێلدا و زیاتر لە 20 برینداری لێکەوتەوە.
 
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 10ـی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەدەخەکە ئەو رێگەیانە دەگرێتەوە کە دەچنە سەر سەیرانگەکان، نەوەکو رێگە سەرەکییەکان".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، هاتووچۆی بارهەڵگر لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی دووکان - سلێمانی؛ بەپێچەوانەوە. سلێمانی – قەرەداخ، شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو، رێگەی سەرجەم ئەو سەیرانگەیانەی لە سنووری شارەزووردان قەدەخەیە.
 
قەدەخەکە رۆژانی هەینی کاژێر 07ـی بەیانی بۆ 07ـی ئێوارە دەبێت. عەقید بەختیار محەممەد گوتی: "ئەو رێگەیانە قەدەخەن کە سەیرانگەن، با روون بێت؛ رێگە سەرەکییەکان قەدەخە نین، بۆ نموونە رێگەی دەربەندیخان - سلێمانی".
 
رێگەی سەیرانگەکانی سنووری قەزای دەربەندیخان بۆ بارهەڵگرەکان قەدەخەیە. سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ هەینی بە (رووداو)ی گوت، رێگەی سەرەکی کەلار و دەربەندیخان؛ دەربەندیخان بۆ سلێمانی کراوە دەبێت و تەنیا رێگەی سەیرانگەکان قەدەخەن.
 
لە پارێزگای هەڵەبجەش هاتووچۆی بارهەڵگر لە بەشێکی سنووورەکەدا قەدەخەیە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاتووچۆی هەڵەبجە: "لە پێناو سەلامەتیی گەشتیاران و شۆفێران" بڕیاردراوە هاتووچۆی بارهەڵگر لە سەیرانگە و شەقام و شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە قەدەخە بێت.
 
لە پارێزگای هەڵەبجە چەند سەیرانگەیەکی دیار هەن، بە تایبەت لە دەڤەری هەورامان. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هاتووچۆ، مەفرەزەکانیان لە نێو شار، بنکەکانی قەزای خوورماڵ، ناحیەکانی بیارە و سیروان لە ئەرکدا دەبن بۆ لێپیچینەوە لەوانەی پابەندی بڕیارەکە نابن.
 
عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی گوتی، هەر شۆفێرێکی بارهەڵگر سەرپێچی بکات ساڵیانەکەی لێ وەردەگرێت و دەبێت دواتر سەردانی هاتووچۆ بکات بۆ لێپێچێنەوەی یاسایی.
 
دوای رووداوە هاتووچۆکانی 06ـی نیسان، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جێگری سەرۆکوەزیران بەدواداچوونی بۆ رووداوەکان کردووە و هاتووچۆی سلێمانیی راسپارد، رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر لە رێگەکانی دەرەوەی شار قەدەخە بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوێندخواردنی دادوەر جاسم جەزا لە بەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق.

دادوەرێکى کورد بووە ئەندامى یەدەگى دادگەى فیدراڵیى عێراق

دادوەرێکى کورد وەک ئەندامى یەدەگى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سوێندى یاسایی خوارد، بۆ پڕکردنەوەى پشکى کورد لەو دادگەیە، پێشبینی دەکرێت پلەکەی بۆ دادوەرى بنەڕەتی بەرز بکرێتەوە.