رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە؛ لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکەش دەڵێت، چاوەڕێن ئەو پارتە بڕیاری چەکدانان بدات.
سەزایی تەمەلـلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بۆ بەرەپێشچوونی پرۆسەکە بکەن.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەکەی پەکەکە گوتی، "چاوەڕوانیمان ئەوەیە چەکەکان دابنرێن و هەنگاو بۆ قۆناخێکی نوێ بنرێت."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە "دەنگۆ هەیە پەکەکە 11ی ئایار چەک دابنێت، ئەمە راستە؟" تەمەللی گوتی، "بەڵێ، ئەم دەنگۆیە هەیە، چونکە ئەو رۆژە هاوکات رۆژی جیهانیی دایکیشە. دایکان بەدرێژایی پەنجا ساڵی رابردوو، زیاتر لە هەمووان ئازاریان بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە چەشتووە. ئەگەر رۆژی چەکدانان بکەوێتە رۆژی جیهانیی دایک، دەکرێ مانایەکی جیاوازی هەبێت."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی بەشداربوونی ئۆجەلان لە کۆنگرەی پەکەکەدا گوتی، "لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە بەشداری کردووە، بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرە بۆ ئەوان خستووەتەڕوو. بێگومان ئەو بەشداربوونەش، بە ئاگاداری وەزارەتی داد و بەرپرسانی حکومەت بووە."
لە تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا کە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوێنێ هەینی رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ