رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی تەواونەکراو لە شەقامی 40 مەتریی هەولێر کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، شەش کرێکار تووشی هەناسەتووندی بوون، بەڵام تەندروستییان جێگیرە."
رۆژی شەممە، 10ـی ئایاری 2025، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کاژێر 08:40 لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ئاگادار کراینەوە، لە شەقامی 40 مەتریی هەولێر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بە ناوی شاهان، کە هێشتا تەواو نەکراوە و کەسی تێدا ناژیت."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، راستەوخۆ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان کۆنترۆڵی بکەین، هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبوو، تەنیا ئەو کرێکارانەی کاریان تیادا دەکرد لەوێ مابوونەوە، شەشیان تووشی هەناسەتووندی بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەن و تەندروستییان جێگیرە.
وەک شاخەوان سەعید گوتی، نهۆمی 29ـی باڵەخانەکە ئاگری گرتبوو، بۆیە کۆنترۆڵکردنی کەمێک زەحمەت بوو، بەهۆی کۆمەڵێک زبڵ و خاشاک ئاگری گرتبوو کە لەوێ کۆکرابوونەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە و نازاندرێت بەهۆی چییەوە ئەو خاشەکە ئاگری گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ