رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی باکووری کوردستان کە وەک پەنابەری سیاسی لە شاری سلێمانی دەژیا، دوای ئەوەی دوێنێ لە شارەکە دەستڕێژی گولـلەی لێکرا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. میدیای نزیک لە پەکەکە دەڵێ، "لەلایەن میتی تورکیاوە کوژراوە."
دوێنێ هەینی 9ـی حوزەیران، لەبەردەم نووسینگەی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شەقامی 60 مەتریی سلێمانی، تەقە لە هاونیشتمانییەک کرا و بە سەختی بریندارکرا؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو هاونیشتمانییە کە پەنابەری سیاسی بووە ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
هاونیشتمانییەکە ناوی (حوسێن ئاراسان)ـە؛ پەنابەری سیاسیی خەڵکی باکووری کوردستان بوو و ماوەی چەندە ساڵێک بوو لە شاری سلێمانی دەژیا.
لەکاتی رووداوەکەدا شایەتحاڵان کە قسەیان بۆ رووداو کرد ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە زیاتر لە دوو گولـلەی بەرکەوتووە.
ئاژانسی فوراتنیوزی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، دەڵێت، هێرشی سەر ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن "میتی" تورکیاوە بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە یەکەم هەوڵی تیرۆری سیاسیی نییە لە سلێمانی، بەڵکو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمە شەشەم هەوڵی تیرۆرکردنە."
رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانییە و زۆرینەی ئەندامەکانی خەڵکی باکووری کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ