رووداو دیجیتاڵ
دایکانی دادخوازی کوردستان بەبۆنەی لەدایکبوونی دانیال پایبەندییەوە لە گۆڕستانی ئایچی سەقز کۆبوونەوە، دانیال پایبەندی ئەگەر گیانی لەدەستنەدابایە، دوێنێ تەمەنی دەبووە 18 ساڵ، بەڵام رۆژی 16-11-2022 بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.
بەشێکیشیان چوونە گۆڕستانی بۆکان، سەر مەزاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان و درووشمی جیاوازیان دا، بەڵام لە گەڕانەوەدا لە شاری سەقز لەلایەن رێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران؛ ئەوان خەڵکی شارەکانی دیواندەرە، سنە و دێولانن.
بەپێی راپۆرتی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، دایکانی دادخواز، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و ئازاد کراون، ئەویش بە پڕکردنەوەی بەڵێنی ئەوەی چیدیکە ئەو چالاکییانە دووبارە ناکەنەوە.
جەلیل رەحیمی جەهان ئابادی، پەرلەمانتار دەڵێت، "پێویستمان بە لێبووردەییە. گرنگە لێخۆشبوون بۆ هەموو ئەو کەسانە دەربکرێت کە لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا بەشدار بوون. دەبێت دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەین، دڵی خێزانی کوژراوەکان بدەینەوە."
جەهان ئابادی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەموو مرۆڤێکی تێگەیشتووی دڵسۆز دەزانێت، دۆخمان گونجاو نییە و خەڵک چیدیکە توانای دانبەخۆداگرتنی نییە." بەڵام چەند رۆژ لەمەوبەر رێبەری ئێران ناڕازییانی بە "خۆفرۆش" لە قەڵەمدا.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، "پلانی ئاژاوەگێڕییەکانی پاییزی رابردوو لە ژوورەکانی هزر و بیرکردنەوەی وڵاتانی رۆژئاواییدا دانرابوو. هەندێک کەسی خۆفرۆش جێبەجێیان کرد، کە پشتیان لە نیشتمان کردبوو. کەسانێکی رق لەدڵ، هەندێک کەسی بێئاگا و کۆمەڵە کەسێکی بەرەڵڵا، سەربازی ئاژاوەگێڕییەکان بوون."
ئەو ناڕەزایەتییەی رێبەری ئێران بەم جۆرە باسی دەکات، چەندین مانگ بەردەوام بوو، زیاتر لە 500 خۆپێشاندەر کوژران، هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستگیر کران و بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەکی زۆر سەرکوت کرا، بەڵام بۆ کەسوکاری قوربانییەکانی ناڕەزایەتییەکان، دۆخەکە کۆتایی نەهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ