رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنزیک گوندی باڵانیشی سەر بە ناوەندی پارێزگای ورمێ، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لەنزیک گوندی باڵانیشی سەر بە ناوەندی پارێزگاکە لە رووداوێکی هاتووچۆ ئاگادار کراونەتەوە کە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ ئاڕدی و ماکسیما روویداوە؛ بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ گوتیشی، رووداوەکە بەهۆی لادانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بۆ سایدی بەرامبەر و تیژڕۆیی بووە، کە لە ئەنجامدا هەر چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە درەنگی شەوی یەکشەممە 09-06-2024 روویداوە و بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، تەرمی هەر چوار سەرنشینەکان کە دوو ئافرەت و دوو پیاو بوون، دەرهێندراون و رادەستی پۆلیسی ناوچەکە کراون.
باڵانش گوندێکی سەر بە گوندەواری "چەمێ بەراندێزی خواروو"ی ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە نزیکەی 2500 دانیشتووی کورد و ئازەری هەیە.
رۆژی 30ی ئاداری 2024 رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 15 بۆ 29ی ئاداری ئەم ساڵ، 15 کەس لە سنووری پارێزگەکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو 33% کەمبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ