رووداو دیجیتاڵ
نرخی کیلۆیەک لیمۆ زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونەوەکە کەمبوونەوەی لیمۆیە لە ناوچەکەدا.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک لیمۆ بە کۆ لە عەلوە بە سێ هەزار دینار فرۆشرا و بە نزیکەی چوار هەزار دینار دەگاتە دەستی خەڵک".
پێشتر کیلۆیەک لیمۆ بە 750 بۆ هەزار و 500 دینار دەگەیشتە دەستی خەڵک.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە، رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر کاتی پێگەیشتنی لیمۆ نییە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخە".
بەشی زۆری ئەو لیمۆیەی ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە باشووری ئەفریقیاوە هاوردە دەکرێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: "نرخەکە لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان".
بە گوتەی رەجەب حاجی عەزیز: "تاوەکو مانگی ئەیلوول بەرهەمی لیمۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێناگات و تاوەکو لیمۆش پێنەگات نرخ دانابەزێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ