مەسرور بارزانی: لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین

10-06-2025
سۆران حوسێن
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ناڕەوایانە، نادەستووریانە و نایاساییانە بڕیاری راگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستان دراوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
شەوی سێشەممە، لەکاتی رێوڕەسمی بە فەرمی راگەیاندنی دامەزراوەی (ڤیزت کوردستان)، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد. وێڕای بە گرنگ پێناسەکردنی دامەزراوەکە، باسی لە نەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە کرد.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەوەی حکومەتی عێراق دەیکات سیاسەتی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستانە بۆ وەستان لە ئاوەدانی و پێشکەوتن؛ گوتیشی: "هەرگیز و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین".
 
"بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دەدەین"
 
مەسرور بارزانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا باسی لە دامەزراوەی (ڤیزت کوردستان) کرد و گوتی: "دامەزراوەکە دەستپێشخەرییەکی دیکەیە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و راکێشانی گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان".
 
سەرۆکوەزیران گوتی: "لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە. هەرێمی کوردستان لە رووی گەشتیارییەوە خاوەنی پێگەیەکی شایستەیە و دەکرێت ببێتە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ گەنجان بڕەخسێنێت".
 
مەسرور بارزانی باسی لە مێژووی کوردستان کرد و گوتی: "لە رووی مێژووییەوە خاوەنی دەیان شوێنین کە گەشتیاران، بەتایبەت گەشتیارانی بیانی دەتوانن سەردانی بکەن. مزگەوت؛ کەنیسە و پەرستگەی هەموو ئایینەکان لە کوردستان هەن وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوە ژیان و ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکان".
 
سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد کە "سەتان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزار و مێژووییمان هەن کە لە ئاستی جیهانیش ناسراون. بۆ نموونە، ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر".
 
مەسرور بارزانی باسی لە پلانەکان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری کرد و گوتی: "ئامانجی حکومەت ئەوەیە بە هاوکاری کەرتی تایبەت، لە 10 ساڵی داهاتوودا 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی راکێشێتە هەرێمی کوردستان".
 
"بەشێوەیەکی ناڕەوا مووچە راگیراوە"
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە هۆکارەکانی نەدانی مووچە لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە ئێستادا بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا، نادەستووری و نایاسایی بڕیاری راگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن".
 
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، هەرگیز و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. هەموو پابەندییەکی دەستووریی کە لەسەرمان بووە بە زۆر زیادیشەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا مافەکانی گەلی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە رێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو رێککەوتنانەش ناگیرێت کە واژۆیان کردوون".
 
لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، نەوەک بە ئەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان. لە سەدەی رابردوودا رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا بە ئاگر و ئاسن و بە کارهێنانی هەموو چەکێک رووبەڕووی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بوونەتەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و رەفتارانە جگە لە ماڵوێرانی هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبوو. هیوادارم بەرپرسانی بەغدا واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵک و پێشێلکردنی مافە رەواکانی کوردستان بهێنن، چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت".
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکان بۆ رەوانەکردنی مووچە کرد و گوتی: "ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین و هیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.