رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری شاری چوواری سەر بە پارێزگای ئیلام کەوتووەتەوە.
ئاگرەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 9ی حوزەیرانی 2025، لە ناوچەی "کوڕە سێرە"ی سنووری شاری چووار سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە. ئاگرەکە بە خێرایی بەشێک لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتەوە.
عەلی رەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەستەی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان، ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە."
چەند هاونیشتمانییەکی ناوچەکە بە رووداویان راگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی زۆر درەنگ هاتوونە و بەشێک لە گەنمی جووتیارانیش سووتاوە.
بەپێی گوتەی هاونیشتمانیان، زیاتر لە 50 دۆنم گەنم و دارستان لە ناوچەکە سووتاون و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش روون نییە.
شاری چووار، 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای ئیلامەوە دوورە. پارێزگاکە خاوەنی 340 هەزار هیکتار زەویی کشتوکاڵیی دێمی و بەراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ