رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێک لە سنووری قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە. بەرپرسێکی سنوورەکە دەڵێت، زیانی ژینگەیی زۆری هەبووە.
گۆران محەممەد، لێپرسراوی کارگێڕیی قایمقامیەتی قەزای قەرەداخ شەوی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگرەکە لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە لەنزیک شاخی دەلووجە کەوتووەتەوە، بەهۆی بەردەوامییەوە نزیکبووەتەوە لە ناحیەی سێوسێنان."
ئاگرەکە لە قۆڵەکانی دیکەی سنووری قەزای قەرەداخەوە بۆ نزیک قەزاکەش تەشەنەی کردووە. گۆران محەممەد دەڵێت، "زیانی ژینگەیی هەبووە؛ تاوەکو ئێستا زیانی گیانی نەبووە."
تیمی فڕۆکەوانیی پارێزگای سلێمانی، بەرگریی شارستانیی قەرەداخ و سێوسێنان، پۆلیسی دارستان، پۆلیسی قەرەداخ و دانیشتووانی گوندەکان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان نەکوژێندراوەتەوە.
بەهۆی زۆریی پووش و پاوانی سنوورەکە و بەردەوامیی ئاگرەکەوە، زیانەکان نازاندرێت. لێپرسراوی کارگێڕیی قایمقامیەتی قەزای قەرەداخ دەڵێت، "دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە قەبارەی زیانەکان بڵاو دەکەینەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێشتا هۆکاری ئاگرەکە نازاندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ