کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ دەستپێکی سەردەمێکی نوێ دراوە

11-06-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە لەو راپۆرتەی کە بۆ 12یەمین کۆنگرەی پارتەکەی ناردوویەتی، دەڵێت، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، لەپێناو دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی تورکیا بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەنگاوی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری ناوە.
 
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەو راپۆرتەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکەوە بۆ 12یەمین کۆنگرەی نێردرابوو.
 
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکە، کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە راپۆرتەکەی لە 4ی ئایاری 2025 نووسیوە.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە لە راپۆرتەکەدا نووسیویەتی، "ئامانج لەم کۆنگرەیە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو دەستکردنە بە سەردەمێکی نوێی مێژوویی. پەکەکە لەسەر ویست یانیش بەهۆی هێرشی هێزی دیکەوە خۆی هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو بەگوێرەی ئەو بڕیارەی لە کۆنگرە دەیدات، خۆی هەڵدەوەشێنێنتەوە."
 
لە راپۆرتەکەدا کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکەمین کۆنگرەمان، بانگەوازێک بوو بۆ گەلی کورد. ئێستا کۆنگرەی 12مان، جگە لە گەلی کورد، بانگەوازێکیشە بۆ ژنان، گەنجان و هەموو گەلانی چەوساوە. ئامانج لەم کۆنگرەیە، دەستکردنە بە خەباتێکی نوێ لەپێناو رزگاریی گەلانی چەوساوە."
 
هەروەها دەشڵێت، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، شکستی حەماس و حیزبوڵڵا بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، وای لە حکومەتی تورکیا کرد" هەنگاو بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەر بنێت.
 
کۆمیتەی پارتەکە لەبارەی ئۆجەلانەوە باسی لەوە کردووە، "رێبەر ئاپۆ خۆی گۆڕی، دەیەوێت پارتەکە و ئێمەیش بگۆڕێت. ئامانجی ئەو، گۆڕینی کۆمەڵگە و سیستمیشە. دەبێت هەموومان پابەندی ئەم گۆڕینە بین و خۆمان بۆ پرۆسەی نوێ ئامادە بکەین."
 
لە راپۆرتەکەدا کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە باسی لەوەش کردووە، "پەکەکە شکۆمەندترین سەردەمی لە مێژووی کوردستاندا بەدیهێنا. پەکەکە، بۆ هەمیشە وەکو بزووتنەوەی راستەقینەی قارەمانی و ئازادی لە مێژووی کوردستان دەمێنێتەوە و یاد دەکرێتەوە."
 
کۆمیتەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هیوای سەرکەوتنی بۆ 12مین کۆنگرەی پارتەکەی خواستووە و داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کردووە، "بە باشی و دروستی لە بڕیارەکانی 12مین کۆنگرە تێبگەن و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەن. لەسەر رێچکەی ئاپۆییدا خۆتان بۆ پرۆسەی نوێ ئامادە بکەن و بەشێوەیەکی بەهێزتر لە دەوری رێبەر ئاپۆدا خۆتان یەکبخەن."
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی سەرۆک بارزانی، ئۆجەلان و ئەردۆغان

سەرۆک بارزانی: دەستخۆشی لە بەڕێزان ئەردۆغان و ئۆجەلان دەکەم و بۆ ئاشتیی پشتیوانیانم

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستەنبووڵ خوێندراویەوە رایگەیاند، "هەموو پشتیوانییەکی پڕۆسەی ئاشتی دەکەم."