رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییان سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات لە بەرامبەر دانپێدانان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال و داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات ئەویش دان بەو جینۆسایدە بنێت بۆ ئەوەی مافی ئێزدییەکان لە دواڕۆژدا مسۆگەر بکرێت، پێیوایە تاکە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا لە شنگال هەیە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
رۆژی یەکشەممە 10-07-2022، کەریم سلێمان، راوێژکاری ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییان لە شێخان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەناوی میری ئێزدییان و ئەنجوومەنی روحانیەوە سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد کە پێش چەند رۆژێک کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانی لە شنگال بە جینۆساید ناساند.
بە گوتەی کەریم سلێمان، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا "بڕیارێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو بۆ ئێمە وەکو کوردی ئێزدی لە کوردستان و عێراق و جیهانیش. ئەو بڕیارە جێگەی رێز و پێزانینە لەلایەن میرەوە."
کەریم سلێمان سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیا و کۆنسوڵ و باڵیۆزی ئەڵمانیای لە کوردستان و عێراقیش کرد لە بەرامبەر ئەوەی "پەیامی ئێمەیان بە راست و دروستی گەیاند تاوەکو ئەو بڕیارە گرنگە دەربکرێت."
راوێژکاری ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییان پێیوایە، دەرکردنی ئەو بڕیارە "کارتێکردنێکی باشی لەسەر رەوشی ئێزدیەکان دەبێت، بە تایبەت رەوشی ئێزدییەکانی ئێمە لە ئەڵمانیا دەژین، هیوادارین هاریکاربن لەگەڵ ئەوانیش."
کەریم سلێمان تیشکی خستە رەوشی ئەو ئێزدییانەی ئێستا لەنێو کەمپەکەدا نیشتەجێن و رایگەیاند: "خەڵکی ئێمە کە لەنێو کەمپەکاندا دەژین کەوتوونەتە ژێر دوو گوشار و دوو ئاگردا، لەلایەکەوە هەوڵدەدرێت ئەو کەمپانە دابخرێن، هەروەها ئەو رێکخراوانەی هاوکارییان دەکەن رۆژ بە رۆژ دەکشێنەوە هاوکارییەکانیان کەمدەکەنەوە. ئەگەر ئامانج لەو کارە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام هەموو لایەک باش ئەوە دەزانێت کە هێشتا رەوشی شنگال ئاسایش و ئارامی تێدا نییە تاوەکو خەڵکی ئێمە بگەڕێتەوە، ئەوانیش ژیانی نێو چادرەکانیان پێ خۆش نییە، ئەوانیش پێیان ناخۆشە دوور لە زێدی خۆیان بن."
کەریم سلێمان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "ئاگایان لە رەوشی خەڵکی ئێمەی ئێزدی بێت لە کەمپەکاندا، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ بدەن ئەوانەی هاوکاری پێشکەش بە خەڵکی ئێمە دەکەن، قسەیان لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پێشکێشکردنی هاوکارییەکانیان تاوەکو کێشەی شنگال چارەسەر دەبێت."
لە وەڵامی پرسیاری نایف رەمەزان پەیامنێری رووداو، لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کەریم سلێمانی گوتی: "باشترین چارەسەر بۆ کێشەی خەڵکی ئێمە لە شنگال، ئەوەیە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵکو ئەو تاکە قەزایەی عێراق کە ئیدارەیەکی دروستی نییە و لەژێر دەسەڵاتێکی فەرمیدا نییە، بە داخەوە ئەوەش کارتێکردنێکی خراپی لەسەر دۆخی شنگال هەبووە، قوربانی سەرەکیش خەڵکی ئێمەی شنگالە، چ ئەوانەی لە شنگال دەژین و چ ئەوانەی لە کەمپەکاندا دەژین."
لە کاتێکدا پەرلەمانی چەندین وڵاتی ئەوروپی دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان پێداناوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی لەو شێوەیەی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییان دەڵێت: "ئەوە داواکاری ئێمەیە لە پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش ئەو بارە هەڵبگرن، چۆن ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا پەرلەمانەکانیان دان بەوەدا بنێن ئەو کارە دڕندانانەی دەرحەق بە ئێزدییەکان کراوە جینۆسایدە، تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق بێدەنگە، ئەمە داواکاری ئێمەیە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت، بۆ ئەوەی مافی خەڵکی ئێمە لە دواڕۆژدا مسۆگەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ