رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەنداوی دەربەندیخان سەرێژ بوو و بەمەش بووە دووەمین گەورەترین بەنداو کە ئەم ساڵ پڕ دەبێت، باسی لەوەشکرد، بە کۆی گشتی 23 بەنداوی گەورە، بچووک و مامناوەند لە هەرێمی کوردستان سەرێژ بوون.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەنداوی دەربەندیخان سەرێژ بوو، دووەمین گەورەترین بەنداو بوو کە پڕ بوو، چونکە یەکەمیان بەنداوی دهۆک بوو. بە کۆی گشتی 23 بەنداوی گەورە، بچووک و مامناوەند سەرێژ بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی، لە بەنداوە گەورەکان بەنداوەکانی دووکان و گۆمەسپان ماون پڕ بن. گوتیشی: "بەنداوی گۆمەسپان ئەم ساڵ سەرێژ نابێت چونکە نوێیە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانیش بەرزبووەتەوە، هەرچەندە هێشتا ماوەیەتی پڕ ببێت."
بەنداوی دەربەندیخان توانای گرتنی سێ ملیار مەتر سێ جا ئاوی هەیە و ئەمڕۆ بەتەواوی سەرێژ بوو.
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی لە ماوەی رابردوودا رووی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئاستی ئاو لە زۆربەی بەنداو و گۆماوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
لە کابینەی نۆیەمدا 9 بەنداو دروست کراون کە بەتێکڕا دەتوانن زیاتر لە 252.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە. بڕیاریشە ئەم ساڵ کار لەسەر دروستکردنی 18 بەنداوی دیکە بکرێت، هەروەها 23 گۆمی دەستکرد دروست کراون و 58 گۆمی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ