رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە، پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێ لەگەڵ پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر بۆ ماوەی 40 کاژێر لەکار کەوتبوون، بەڵام لە ئێوارەی دوێنێوە کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە و دابەشکردنی ئاو ئاسایی بووەتەوە.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو، سێ و پڕۆژەی فریاگوزاری بۆ ماوەی 40 کاژێر وەستابوون، بەڵام لە ئێوارەی دوێنێوە پڕۆژەکان کەوتوونەتەوە گەڕ و وردە وردە ئاو دەگاتەوە دەست هاونیشتمانییان.
لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی ئاو لەو چوار پڕۆژەیە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنرێت و ئەوەش بەشی پێداویستیی تەواوی شارەکە و دەوروبەری دەکات.
سەبارەت بە خشتەی دابەشکردنی ئاو لەم وەرزەدا، ڕابەر حوسێن گوتی: "زۆربەی زۆربەی شوێنەکانی هەولێر 24 کاژێر ئاویان هەیە."
هەروەها دڵنیایی دا بە هاونیشتمانییان کە بۆ وەرزی هاوین پلانی پێویست هەیە و گوتی: "ئینشاڵا بۆ هاوین دۆخی ئاو زۆر باش دەبێت و هیچ گرفتێکمان نابێت."
ئەم بڕانە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە، دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی لەسەر پڕۆژەی ئیفراز سێ-ن، تووشی گرفت ببوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ