رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەم نزیکانە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تەواو دەبێت. گوتیشی: "زیاتر لە 80٪ـی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە".
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، کەمتر لە 80 هەزار تۆن ماوە ئەوەیش بە زووترین کات وەردەگیرێت و بەم نزیکانە پڕۆسەکە تەواو دەبێت".
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، لە 11 سایلۆی هەرێمی کوردستان گەنم وەردەگیرێت. گوتیشی: "تائێستا زیاتر لە 80٪ـی گەنمی جووتیاران وەرگیراوە".
لە 10ـی حوزەیرانەوە دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرانەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "تاوەکو 13 و 14ـی مانگ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوام دەبێت".
لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تائێستا 143 هەزار تۆن وەرگیراوە".
پشکی پارێزگای دهۆکیش بۆ وەرگرتنی گەنم 117 هەزار تۆنە، نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک، بە رووداوی گوت: "تائێستا نزیکەی 95 هەزار تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە".
پشکی گەنمی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆنە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90 هەزار تۆن وەرگیراوە.
پار حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد، تاوەکوو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو کراوە بوون.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ