رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی گرنگیان" لە پرۆسەی ئاشتیدا هەبوو.
رۆژی پێنجشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پرسی چەکدادانی بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە کرد.
دڵشاد شەهاب دەڵێت، سەرۆک بارزانی لە سەرەتای پرۆسەکەوە رۆڵێکی "گەورە"ـی هەبووە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵیکی "گرنگ و تایبەت"ـی گێڕاوە.
سبەی 11ـی تەممووز، بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێن.
دڵشاد شەهاب دەشڵێت، "هێشتا سەرەتای پرۆسەکەیە، هەرچەندە پرۆسەکە بابەتێکی نێوخۆی تورکیایە، بەڵام ئێمەش یاریدەدەر دەبین."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لایەنێکی زیانمەندی شەڕی تورکیا و پەکەکە بوو و دڵنیام هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بەو ناوچانە دەدات کە لە شەڕەکە زیانیان بەرکەوتبوو."
بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە، شاندی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و کەسایەتییەکانی باکووری کوردستان گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
شاندێکیان لە رێگەی فڕۆکەوە هاتن و گەیشتنە پارێزگای هەولێر. شاندێکیشیان لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، گەیشتنە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لەلایەن دڵشاد شەهاب، عەلی تەتەر، پارێزگای دهۆک و چەند بەرپرسێکی دیکە پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمەکە لە سنووری بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
روداو زانیویەتی، 33 بۆ 44 گەریلا چەک دادەنێن و دواتر چەکەکانیان لەنێودەبرێن.
دەقی قسەکانی دڵشاد شەهاب
"هەرێمی کوردستان بەیانی میوانداری لە بەڕێوەچوونی هەنگاوێکی زۆر گرنگی چارەنووسساز و مێژوویی دەکات، ئەویش هەنگاوێکی کردەییە بەرەو ئاشتییەکی گشتگیر کە هەموو ئومێد و تەمەنای ئێمە ئەوەیە کە ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی و تێیدا هەموو پێکهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و کۆماری تورکیا بەتایبەتی، هەموو پێکەوە وەکو ئەوەی کە لە پەیامی بەڕێز سەرۆککۆمار و لە پەیامی شاندی ئیمراڵی و لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان و لە پەیامی گشتیی گەلی تورکیادا دیارە، هەموو لایەک بە پەرۆشەوە دەڕواننە ئەم پڕۆسەیە.
هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لەکاتی قۆناخە سەختەکانی ئەو پەیەوەندییەدا، دەتوانم بڵێم لە قۆناخی تووندوتیژی و شەڕیشدا، هیچ کات دەستی لەو پڕۆسەیە هەڵنەگرتووە و هەمیشە هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە و جەنابی سەرۆک بارزانی خۆی لە هەرە قۆناخە سەختەکاندا هەنگاوی زۆر گرنگ و رێکاری زۆر باشی هەبووە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، لە سەرجەم قۆناخەکاندا. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەک نیشان داوە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە.
ئێمە سوپاسی ئەو متمانەیە دەکەین کە هەموو لایەنەکان و ئەوانەی کە بەرپرسن (تەرەف) لەم بابەتە کە هەرێـمی کوردستانیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە مێژوویی و کاریگەرە ببینێت و بێگومان ئێمەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راسپێردراوین لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاسانکاری و هەموو ئەرکێک بگرینە ئەستۆ بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکەین بۆ سەرکەوتنی و سەرخستنی. ئومێدێکی زۆر گەورەیە، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە و لە ئاستی ئەو گەورەییەشدا گرنگیپێدانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئێمە بۆ پڕۆسەکە هەیە.
ئەمڕۆ ئەوانە میوان نین، هەموو ئەوانەی کە تەشریف دێنن لە ماڵی دووەمی خۆیاندان، بەشێک لەو بەڕێزانە ئەمڕۆ نیوەڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتوون و بەشێکیشیان ئەمڕۆ دەگەن و ئومێد دەکەین بەیانی ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی لە ناوچەیەکی دیاریکراو کە رێککەوتنی لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ئومێدی هەموومان سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیەیە.
رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەکەدا
رۆڵی هەرێمی کوردستان بێگومان ئێمە چەندین جار بەر لە ئێستاش گوتوومانە گەلێک سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز ئۆجەلان و شاندی ئیمراڵیش دەکەین کە ئەوە بابەتێکی نێوخۆیی تورکیایە و لە ئەنجامی کۆتاییدا، ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی نێوخۆییە. لەبەر هەبوونی ئەم متمانەیە کە بە هەرێمی کوردستانی دەکەن و لەبەر ئەو رۆڵە ئاشتیخوازانەی کە هەرێمی کوردستان هەیبووە، ئەمە ئاماژەیەکی گەلێک گرنگە بۆ هەموو جیهان کە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی ئاشتی و پێکەوەژیانە و ئەو متمانەیەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەرێمی کوردستانیان هەیە، خۆی بەڵگەیەکی مەزنە و جێگەی بایەخی سەرکردایەتیی سیاسی و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئێمە سەرجەم ئەو ئەرکانەی لە لە ئەستۆی ئێمەن، جێبەجێیان دەکەین بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.
وەک باسم کرد هەرێمی کوردستان رۆڵێکی هاوکاریی هەیە، واتا ئێمە لایەنی راستەوخۆ نین بۆ ئەم بابەتە، واتا ئەوە پڕۆسەیەکی نێوخۆیی تورکیایە. ئێمە بمانەوێت یان نا، دراوسێی یەکدین و هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا پێکبێت، دەتوانم بلێم هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدا زەرەرمەندی سەرەکیی هەبوونی شەڕ بووە لە ناوچەکەدا. ئێوە دەزانن کە ناوچەیەکی زۆری سنووریی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو شەڕە بە هەزاران گوندی چۆڵکراون و ئێمە قوربانیی زۆرمان داوە، خەڵکێکی زۆری ئێمە بوونەتە قوربانی، بۆیە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و بۆ دراوسێیەتییەکی باش لەگەڵ کۆماری تورکیا و لەبەر هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە برایانی کوردی ئێمە لە کۆماری تورکیا، ئەوە هەموو ئامانجن و ئێمە پڕۆسەکە بە هی خۆمان دەزانین و سەرکەوتنەکەی بە سەرکەوتنی ئاشتی دەزانین و ئاشتیش پەیامی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانە.
لە قۆناخی گەلێک سەختدا، سەرکردایەتیی ئێمە، بەتایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رژد بوون لەسەر هەوڵەکانیان بۆ سەرخستن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی [لایەنەکان]؛ ئینشائەڵڵا رۆژێک دێت هەموو شتە نهێنییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بن کە لە چی دۆخێکی قورسدا بوو، رەنگە ئومێدی ئاشتی گەلێک کەم بووبێت و باسکردنی ئاشتی گەلێک ئەستەم بووە و لەو کاتانەشدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆڵی نەداوە و رژد بووە لەسەر هەوڵەکانی خۆی و کاریگەرییەکانیشی ئێستا دەبینین و شتێکی هەرە خۆش و هەرە باشیش ئەوەیە کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پڕۆسەیە، رۆڵی هەرێمی کوردستان بەنرخ دەبینن و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە و دەرفەتدان بەوە کە هەرێمی کوردستان دەورێکی لە بابەتێکی نێوخۆیی دەوڵەتێکی گەورە و کاریگەری وەکو تورکیا هەبێت کە دراوسێی ئێمەن، ئەوە خۆی بەڵگەیەکە لەسەر کاریگەریی پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاشتیی ناوچەکە.
لایەنی بانگهێشتکەر بۆ رێوڕەسمەکە ئێمە نین، چونکە هەر ئەو جۆرەی کە گوتم ئەمە پڕۆسەیەکە کە ئێمە میوانداری دەکەین ، خاوەن پڕۆسەکە هەردوو لایەنن، بەتایبەتیش کە دەم پارتی ئەمڕۆ تێیدا میوانە، بێگومان لایەنی تورکی ئاگاداری بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیەن و چەکدارانی پەکەکەش لەو پڕۆسەیەدا بەشدار دەبن. ئێمە وەکو سەرۆکایەتی، لایەنی هاریکارین، ئێمە ئەو لایەنە نین کە خەڵک بانگهێشت بکەین، هیچ کەسێک لە لایەن ئێمەوە بانگهێشت نەکراوە.
قەرەبووکردنەوە
هەر شوێنێک شەڕی لێ بووبێت، بێگومان کاریگەریی خراپ لەسەر خەڵک جێدەهێڵێت، لەڕوی ماڵی و گیانی نەوەک بە ناوی قەرەبوو، با نەڵێین بڕیارێک هەیە، چونکە هێشتا ئەو پڕۆسەیە لە دەستپێکدایە، بەڵام من دڵنیام کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی گرنگییەکی زۆر بەو بابەتە دەدەن و هەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆ گەیشتنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە بکرێت کە تاوەکو ئێستا بێبەش بوون و بە ڤدڵخۆشیی خەڵک ئێمەش ئاسوودە دەبین، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ خەڵکی نئەو ناوچانە گەلێک ئومێد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ناوچەکە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە دەیان ناوچەی کشتوکاڵی و گشتیاری لێیە ئەگەر تەنیا کەشێکی ئارام پێکبهێنرێت و خەڵکی ئێمە بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆیان و کار و کەسابەتی خۆیان بە شیوەیەکی باش بەڕێوەببەن، من پێموایە ئەوە گەورەترین قەرەبوویە بۆ خەڵک. نەمانی ترس و زیانی گیانی ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرە ئەو ئامانجە بێتەدی، دەبێتە بارسووکییەک بۆ هەموو کوردستان، نەوەک تەنیا بۆ ناوچەی زاخۆ، بە دەیان هاووڵاتی ئاوارەن و لە دهۆک و شارەکانی دیکە نیشتەجێن، ئەو کات گوشار لەسەر شارەکان کەم دەبێتەوە ئاوەدانی دەکەوێتەوە ئەو شوێنانە و وک باسم کرد، گەلێک دەرفەتی ژیان هەیە لەو ناوچانە لەڕووی بازرگانی، گەشتیاری، کشتوکاڵ و بەخێکردنی ئاژەڵان. ئەوە هەموو دەرفەتی ژیانن. ئێوە دەزانن هەندێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری زاخۆ کە ئارامی بۆ گەڕایەوە، ئەوە ئێستا لەگەڵ ئەوەی کە لە دەستپێکدایە، جووڵەیەکی گەشتیاری پێکهاتووە و خەڵک وەبەرهێنانی تێدا دەکات و پڕۆژەی گەشتیارییان تێدا دروست دەکرێت، ئەوە هەموو بابەتێکن کە گەلێک گەورەترن لەوەی کە بچین رەز و باخەکان بژمێرین، هەموو ئاوڕدانەوەیەک دەبێت، بەڵام ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵک دابینبکرێت کە بتوانن بە ئازادی ۆلە وڵاتی خۆیاندا بژین.
بێگومان هەر سەرکردەیەک رێگەیەکی هەیە کە وەکو ئامانج بیگرێتەبەر، رێگەی نەگۆڕی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیالۆگ، ئاشتی، پێکەوەژیانە. قەناعەتی جەنابیان ئەوەیە کەئەگەر چەند ئاڵۆزی هەبێت چی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، چی لەنێو عێراق چی لە ناوچەکە و چی لەسەر ئاستی جیهان، رێگەی دروست رێگەی ئاشتی، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، چونکە لە ئەنجامدا ئەو ناوچەیە ناکرێت ئارام بێت، بەبێ ئاشتی و بەبێ پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکدی.
گرژییەکانی خەبات لەنێوان هۆزەکانی هەرکی و گۆران
بابەتێکی گرنگە. ئەوە جێگەی بایەخی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و زۆر لە نزیکەوە هەنگاو هەنگاو و کاژێر کاژێر لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن. سوپاس بۆ خودا هۆکار و ئەگەری گەورەبوونەوەی کێشەکە نەماوە و چی مەترسییەکی بەریەککەوتنی چەکداری نەماوە، ئاڵۆزییەکی گەورە بوو، بەداخەوە بۆ شتێکی زۆر بچووک، ئەو شتەی کە کێسەی لەسەر دروست بوو گەلکێک کەم بوو، بەداخەوە هەندێک خەڵکی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەم بابەتەیان گەلێک گەورەتر نیشاندا، بە شێوەیەک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی فەرمیی هەرێمی کوردستان، یان بە دیاریکراوی بڵێم، پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوونەتە شەڕێک لەگەڵ هۆزێک، ئەمە هیچ بنەمایەکی نییە، لێکتێنەگەیشتنێک هەبوو لەنێوان دوو دراوسێدا، لەوانەیە زۆر هۆکار هەبن کە ئێستا جێگەی باسکردن نین، بەڵام ئێمە خۆمان بە خاوەنی هەموویان دەزانین، هەموو کوڕ و برای ئێمەن هەردوو لایەن کە کێشەیان لەنێواندا بوو، نزیکن لە ئێمە، هەردوو کاریگەرییەکی گەورەیان لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا هەیە.
لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکهێنراوە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە پرسەکەوە هەیە هەنگاوی باشمان ناوە و ئێمە گەیشتووینەتە هەندێک راستی کە جارێکی دیکەش دەڵێم جێگەی داخە، من خۆم لە لیژنەکەدا بووم ئەو شتەی کە کێسەکەی لەسەر دروست بووە، گەلێک بچووکە کە ئەوە چەند رۆژێکە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژیت، دڵنیام کە ئینشائەڵڵا هەموو شتێک کۆنترۆڵکراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی کەس نەماوە و ئەوەی کە ماویشە ئێمە بەردەوام دەبین،م تاوەکو بگەینە ئەنجام، بۆ ئەوەی کە ئامانجی ئێمە وەکو باسم کرد، ئەگەر بۆ ئێمە گرنگ بێت لە دەوڵەتێکیدا ئاشتییەک بەرقەرار بێت، ئەگەر بۆ ئێمە گرنگ بێت لە عێراقدا ئاشتی بەرقەرار بێت، ئەگەر بۆ ئێمە گرنگ بێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشتی بەرقەرار بێت، چۆن بۆ ئێمە گرنگ نابێت کە هەندێک برا و کەسی ئێمە لە ناوچەیەکی زۆرت نزیک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کە ئەو کێشەیە هەیە، [چارەسەر نەکرێت]. پشتڕاستی دەکەمەوە کە کۆنترۆڵکراوە و بە سوپاسەوە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارییەکی زۆرباشیان کرد بۆ ئەوەی بابەتەکە چارەسەر بکرێت و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێرێک بەر لە ئێستا دووبارە بەدواداچوونێکی وردی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان کرد و ئێمە جدین و ئینشائەڵڵا دەگەینە ئەنجامێکی باش و دەبێتە کۆتا جار. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەو کێشەیەی لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا هەیە، یەکجاری چارەسەر بێت و خەڵکی ناوچەکە و کوردستان بە ئارامی ژیانی خۆیان بکەن و هیچ دەرفەتێکیش بۆ ئەو کەسانە نەمێنێتەوە کە هەوڵ دەدەن (ئیستیغلالی) بچووکترین شت بکەن، راستە دیمەنی گردبوونەوەی خەڵکێکی زۆر و چەکدار هەبوو، بەڵام بڕوا بکەن راستیی بابەتەکە گەلێک لەو دیمەنە بچووکتر بووە و لە توانای ئیدارەی ئێمەدایە کە بتوانین کۆنترۆڵی ئەم بابەتە بکەین و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئینشائەڵڵا بە یەکجاری چارەسەر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ