رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، بۆ رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لەنێویاندا پارتی و یەکێتی بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون. نوێنەری دەم پارتی لە هەولێر دەڵێت، لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە 150 کەس بەشداری دەکەن.
بڕیارە سبەی هەینی، 11ـی تەممووز، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەک دابنێن و لەنێوی ببەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رێوڕەسمەکەی سبەی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئامادەکارییەک کراوە و بانگهێشتی لایەنەکان و رۆژنامەڤانان کراوە".
ئەوانەی بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون
بە گوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە رێکخراوەکان، کەسایەتیی سیاسیی و رۆشنبیران بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون.
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو لەو لایەنە سەرەکییانەن، کە بۆ رێوڕەسمەکەی سبەی بە فەرمی لەلایەن کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)وە بانگهێشت کراون".
هەر ئەمڕۆ مورات شەن، نوێنەری دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شاندێکی سیاسەتڤانان، رۆشنبیران، رێکخراوەکان، حیزب و رۆژنامەڤانان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە ئامادەی رێوڕەسمەکەی سبەی دەبن".
بە گوتەی شەن، شاندەکە ژمارەیان نزیکەی 150 کەس دەبێت، بەشێکیان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەشیان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ئەمشەو دەگەنە شاری هەولێر.
لەبارەی بەشداربوونی نوێنەری ئاکپارتی یان مەهەپە کە دوو پێکهێنەری حکومەت و دەسەڵاتی تورکیان، نوێنەری دەم پارتی لە هەولێر گوتی: "حیزبی تورکیا هەن بەشداری دەکەن، بەڵام لە ئامادەبوونی ئاکپارتی و مەهەپە هیچ زانیارییەک بە ئێمە نەدراوە".
شاندەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، سبەی لە هەولێرەوە بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی چەکدانانەکەن دەکەونەڕێ.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندێک لە ئەورووپا و ئەمریکاوە، کە زیاتر لە 30 کەس لە پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی، سیاسی بەشداری دەکەن و بەشێکیان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.
كەجەکە بۆ رۆژنامەڤانان: لە قەزای دووکان ئامادەبن
05ـی تەمووز تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد، کە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە گوندێکی بناری قەندیل دەبێت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی.
شەو ی 09ـی تەمموز، ناوەندی راگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە رایگەیاند: "دەبێت رۆژنامەڤانان هەینی کاژێر 08:00 بۆ 09:00ـی بەیانی، لە هۆتێل ئاشوور لە قەزای دووکان ئامادەبن؛ پاس بۆ گواستنەوەی هەموو رۆژنامەڤانان بۆ شوێنێکی نزیک لە رێوڕەسمەکە دابینکراوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەجەکە، هیچ رۆژنامەڤانێک ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی خۆی بەشداری رێوڕەسمەکە بکات.
قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نزیکە لە بناری قەندیل لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
کەجەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئامادەبوونی رۆژنامەڤانان ناوتۆمارکردنی ناوێت و دەبێت رۆژنامەڤان ناسنامەی رۆژنامەڤانیی پێ بێت و بیسەلمێنێت بۆ دەزگەیەکی راگەیاندن کار دەکات.
بە گوێرەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، رۆژنامەڤانەکان بە پاس دەبرێنە شوێنێکی نزیکی رێوڕەسمەکە و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، دیمەنی چالاکییەکە بە بێ لۆگۆ و دەستکاری کردن رادەستیان دەکرێت.
کەجەکە دەڵێت: "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە [ئەوانەی چەک دادەنێن] ناکرێت، بەڵام دەرفەتی قسەکردن لەگەڵ چاودێرانی رێوڕسمەکە دەبێت".
30ـی مانگی رابردوو، بۆ یەکەم جار تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، نزیکی 10ـی تەمموز یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی چەک دادەنێن.
پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی " ناودەبرێت.
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ