رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە، شاندێکی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و کەسایەتییەکانی باکووری کوردستان گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
مورات شەن، نوێنەری دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لەم شاندە، ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتاران، کەسایەتییەکان و رێکخراوەکان لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە ئەمشەو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دێنە هەرێمی کوردستان".
بەگوتەی مورات شەن، شاندەکە سبەی لە شاری هەولێرەوە بەرەو رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە بەڕێدەکەون.

شاندەکە لەلایەن فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و تیمی پڕۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتی پێشوازییان لێکراوە و ئەمشەو لە شاری هەولێر دەمێننەوە.
سبەی 11ـی تەمموز، بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا گرووپێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمەکە لە سنووری بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ