لە خورماتوو هەڕەشەی کوشتن لە پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەکرێت

10-08-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
نازەنین گۆران  و ئاسۆ سەراوی
رووداو دیجیتاڵ

جێگری مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی لە خورماتوو رایگەیاند، دوو کەس لەنێو مەڵبەند "هەوڵی تیرۆرکردن"ی کەریم شکور، پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبەیان داوە.

رۆژی پێنجشەممە 10-08-2023 نووسینگەی راگەیاندنی کەریم شکور روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، کە ھەڤاڵ مەلا کەریم سەلامەتە و لە "ھەوڵی تیرۆرکردن" لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرین رزگاری بوو.

لەبارەی رووداوەکە محەممەد مەحموود، جێگری مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی لە خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کەمێک لەمەوبەر دوو کەس بە مەبەستی بانگهێشتکردنی بەرپرسی مەڵبەند بۆ کردنەوەی بارەگایەکی حەشدی شەعبی سەردانی مەڵبەندیان کردووە، نامەی بانگهێشتیان داوەتە کاک کەریم، بەرپرسی مەڵبەند. ئەویش نامەکەی وەرگرتووە و گوتوویەتی، ئێمە بەشداریی ئەو کارە خیانەتە ناکەین و لەسەر ئەوەش کێشە لەنێوانیاندا دروستبووە."

بە گوتەی جێگری مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی لە خورماتوو، "یەکێک لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی چەکەکەی روو لە کەریم شکور دەکات بە مەبەستی تەقاندنی فیشەک، بەڵام پاسەوانەکانی کەریم شکور رێگرییان کردووە و ئەو دوو چەکدارەی حەشدی شەعبیش لەکاتی جێهێشتنی مەڵبەندەکەی یەکێتی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان و یەکێکیان ئەوی دیکە بریندار دەکات؛ مەلا کەریمیش سەلامەتە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە کەسێکی نزیکی کەریم شکور وەریگرتووە، "دوو چەکداری حەشدی شەعبی کە کوردیشن، سەردانی بارەگای مەڵبەندیان کردووە و داوایان لە کاک کەریم کردووە بۆئەوەی بانگهێشتی کردنەوەی بارەگایەکی حەشدی بکەن و لەسەر ئەوە بووەتە دەمەقاڵێیان بۆیە یەکێکیان ویستوویەتی بە دەمانچەکەی تەقە لە کاک کەریم بکات، بەڵام پاسەوانەکانی رێگرییان لێکردووە و ئەویش فیشەکێکی لە خۆی داوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە و پۆلیس سەردانی مەڵبەندی کردووە و گوتەکانیان وەرگرتووە و کاک کەریمیش سەلامەتە."

کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندیی 16ی حەمرینی یەکێتییە لە خورماتوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە