هەپەگە ناسنامه‌ی دوو گەریلا ئاشكرا ده‌كات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

10-08-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامه‌ی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ لەمیانی شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی 10ی ئابی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو گەریلانەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 6ی ئابی 2023، لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لەمیانی شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن: رێزان گونگەن ناسراو بە رێزان بۆتان لەدایکبووی شرنەخ و بەکر کینا ناسراو بە باوەڕ بۆتان لەدایکبووی ئیستەنبووڵ. 
 
رۆژی 10ـی ئابی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لە ناوچەی زاپ، چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 617 گەریلا و کوژرانی 100 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 978 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە