رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای ناوچەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، وێستگەکانی بەرهەمهێنەری ناوچەی رۆژئاوای ئێران (پارێزگاکانی سنە، ئیلام و کرماشان) دەتوانن 3958 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. دەشڵێت، بەرهەمهێنانی کارەبا زیاترە لە بەکارهێنان.
عەلی ئەسەدی، بەڕێوەبەری کارەبای ناوچەی پارێزگای کرماشان ساڵی پار لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام و کرماشاندا 2121 مێگاوات کارەبا بەکارهاتووە و ئەمساڵیش 2163 مێگاوات، بەڵام لەم ناوچەیەدا 3958 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت، بۆیە بەرهەمهێنانی کارەبا زیاترە لە بەکارهێنان.
لە چەند رۆژی رابردوودا هاوکات لەگەڵ گەرمتربوونی هەوا و بەکارهێنانی زیاتری کارەبا، لە هەندێک لە شارەکانی پارێزگاکانی سنە، ئیلام و کرماشان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارەبا بڕاوە یان کارەبای پارک و شوێنە گشتییەکان بڕاوە.
عەلی ئەسەدی، بەڕێوەبەری کارەبای ناوچەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام و کرماشاندا یەک ملیۆن و 720 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، کە 637 هەزار هاوبەشیان پارەی کارەبایان لێوەرناگیرێت، چونکە کارەبای کەمیان بەکارهێناوە.
وەزارەتی وزەی ئێران لێخۆشبوون لە وەرگرتنی کارەبا وەکو سەرەتایەک بەو هاوبەشانە دەدات کە دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە دەگرن.
بە گوتەی عەلی ئەسەدی، 25%ی کارەبای ناوچەی رۆژئاوای ئێران لە کەرتی پیشەسازی، 19% لە کەرتی کشتوکاڵ، 11% لە کەرتی گشتی، 36% بۆ ماڵان و 9%یش لە کەرتی دیکەدا بەکاردێت.
ساڵی پار ئێران 12 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەبوو، بۆیە لە زۆر شوێن کارەبا بڕا. لەم رۆژانەشدا بەکارهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز. هادی بەیگی، کە ئەندامی پەرلەمانی ئێرانە دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا ئێران رۆژانە 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ