رێبوار تەها: قۆناخێکی نوێ لە کەرکووک دەستپێدەکات

11-08-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک دەڵێت، "لە ئەمڕۆ بەدواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکووک دەستپێدەکات، ئەویش قۆناخی هێنانەکایەی ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانە بێ جیاوازی".
 
رێبوار تەها، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک رایگەیاند، "هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە کەرتە جیاجیاکان و بەگەڕخستنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کەرکووک بۆ باشترکردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتییان"
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 10-08-2024ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کرا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
رێبوار تەها لەبارەی پۆستەکەی دەڵێت: "ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بێ جیاکاری".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی رێبوار تەها، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکووک:
 
هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک، هێز و لایەنە سیاسییەکان..
 
هەموو لایەك دڵنیا دەكەینه‌وه‌ لە ئەمڕۆ بە دواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکوک دەستپێدەکات، کە ئەویش قۆناخی هێنانەکایەی ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانە بێ جیاوازی.
 
هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە کەرتە جیاجیاکان و بەگرخستنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کەرکوک بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری کەرکوک.
 
هاوکات دووپاتیدەکەینەوە ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاکاری.
 
هەروەها جەختدەکەینەوە پارێزگاری داهاتووی کەرکوک، پارێزگاری کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحییەکان، هەموو چین و توێژەکانی کەرکوک دەبێت بەبێ جیاوازی.
 
زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگری خەڵکی بەئەمەکی کەرکوک، سوپاس بۆ متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سوپاس و رێز بۆ پشتیوانی و پشتگیری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاس بۆ ئەو تیمەی پێکەوەکارمان کرد و پێکەوە سەرکەوتین. 
 
پشتیوان بەخوای گەورە جێی ئەو متمانە گەورەیە دەبین، هەروەها لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەش دەبین. 
 
براتان 
رێبوار تەها 
١٠
-٨-٢٠٢٤

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: 120 ملیارەکەمان نارد بۆ بەغدا

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.