بۆچی گۆڕان، بزووتنەوە ئیسلامییەکان، شیوعی و زەحمەتکێشان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن؟

10-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دایە لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان، روونبووەوە کە چەند حیزبێک لە هەرێمی کوردستان بەشداری ناکەن. بەرپرسانی ئەو حیزبانە هۆکاری جیا دەخەنەڕوو بۆ بەشدارنەبوونیان.
 
دیارترین ئەو حیزبە کوردستانییانەی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ناکەن ئەمانەن: بزووتنەوەی گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان.
 
گۆڕان دەڵێت، کۆمیسیۆن رێگەی نەداوە و شیوعیش تێبینی هەیە
 
بزووتنەوەی گۆڕان کە زیاتر لە ساڵێکە بەدەست کێشە نێوخۆییەکانییەوە دەناڵێنێ، هەر ئەو کێشانە بوونە هۆکاری ئەوەی نەتوانن لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەشداری بکات.
 
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (ئاراستەی گردی زەرگەتە) ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی گرفتەکانەوە نەمانتوانی یان رێگەمان نەدرا کۆنفرانسی گشتیی ببەستین. کۆمیسیۆنیش هەر بەو هۆکارە رێگەی نەدا بەشداربین".
 
لایەنێکی دیکەی کوردستانی کە بەشداریی هەڵبژاردن ناکات حیزبی شیوعی کوردستانە. هیوا عومەر، جێگری سکرتێری حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر تێبینیمان لەسەر ئەو یاسایە هەبوو هەڵبژاردنی پێ دەکرێت و پێمان وایە لە بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکاندایە و تەواو ناوەندییە، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەشدارنەبوونمان وەک لیست".
 
هیوا عومەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان جیا لە لیست، پشتیوانیی سەرەکیی بەربژێرێکی کۆتای کریستیان دەکەن کە ژمارە 342ـی وەرگرتووە بەناوی سائیرە یوسف عەزیز.
 
بزووتنەوە ئیسلامییەکان و زەحمەتکێشان: بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین
 
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کە کەمتر لە ساڵێکە کۆنگرەی دامەزراندنی بەستووە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار نابێ. گوتەبێژەکەی دەڵێت: "لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە و حکومەت پێکنەهاتووە، دۆخی ناوچەکە دیارە چۆنە، ئیدی چۆن بە خەڵک بڵێین دەنگمان پێبدە".
 
د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا لەم دۆخەدا کاری حیزبی دەکەین و خۆمان رێکدەخەینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئەوەمان لاباشترە تاوەکو لەم کاتەدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەین، چونکە ناشمانەوێ هەڵبژاردن لەپێناو هەڵبژاردندا بێت".
 
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت: "داهات و خەرجیمان لەسەر شانی ئەندامانمانە، هەربۆیە نەمانتوانیوە ئەو بڕە پارە جیاوازانەی بۆ کۆمیسیۆن پێویستە و دواتر بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دابینی بکەین، هەربۆیە نەمانتوانی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین".
 
لایەنێکی دیکە کە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناکات بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە. رووداو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە قسەی کرد و دەڵێن، نایانەوێ هیچ بڵێن و لە داهاتوودا پەیامیان دەبێت.
 
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری ناکات. گۆران رەحیم، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی حیزبەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا خۆشمان تۆمارکرد بە چەند بەربژێرێک بەشداری بکەین، دواتر کشاینەوە و پێمان وابوو بەشدارنەبین باشترە".
 
بە گوتەی گۆران رەحیم، هۆکارێکی بەشدارنەبوونیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەیانتوانیوە هیچ کورسییەک بەدەستبهێنن.
 
بەرپرسانی ئەو حیزبانەی بەشداری هەڵبژاردن ناکەن لەبارەی پشتیوانیکردنیان لەو حیزبانەی بەشداری دەکەن کۆدەنگن لەسەر ئەوەی لەکاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن هەڵوێستیان دەبێت، یان ئەندامەکانیان ئاراستە دەکەن پشتگیریی لایەنێک بکەن، یان لە دەنگدان بە هەر بەربژێر و لایەنێک سەرپشکن دەکەن.
 
بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی کۆمیسیۆن، 854 کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە 76 کەس بەربژێری تاک و سەربەخۆن.
 
09ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی لیست و بەربژێرەکانی دیاریکرد. ژمارەی حیزبە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
 
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 275 
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 222
- نەوەی نوێ: 288
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 278
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 285
- رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: 225
- بەرەی گەل 261
- سۆسیال دیموکراتی کوردستان: 216

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.