حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سیستمی دیجیتاڵی راگەیاند

10-08-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێ، لەمەودوا ناوتۆمارکردن بۆ خوازیارانی حەج لە رێگەی مۆبایلەوە دەبێ و تۆمارکردنەکەش بێ بەرامبەرە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "مەبەست لە راگەیاندنی ئەم لینکە، یەکسانی نێوان خوازیارانی حەجە و وەڵامەکەیشی بە تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ هاونیشتمانی دەگەڕێتەوە. پێشتر ناونووسین لە رێگەی فۆرمێکەوە بوو و بڕێک پارە وەردەگیرا، بەڵام ئێستا ئەم لینکە بێ بەرامبەرە."
 
هەر ئەمڕۆ کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەم لینکە تایبەتە بە ناوتۆمارکردنی خوازیارانی حەج لە هەرێمی کوردستان. هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لە رێگەی ئەم لینکەوە ناوی خۆی تۆمار بکات."
 
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "ئەم سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ رێکخستن و یەکسانیی زیاترە لەنێوان خوازیارانی حەج. هاوکات سیستمێکە بۆ زیاتر شەفافکردنی پرۆسەی حەجکردن و لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی چەندین ساڵە ناویان تۆمار دەکەن."
 
لەبارەی ماوەی کارابوون و تۆمارکردنی ناوی خوازیارانی حەج، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی: "لەمڕۆوە ناوتۆمارکردن لەو سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ حەجی ساڵی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 20ی 9ی 2025 کە دەکاتە 40 رۆژ، بەردەوام دەبێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دوای تۆمارکردنی ناوەکان لەو سیستمە ئەلیکترۆنییە، ناوتۆمارکردن رادەگیرێ و لە 1ـی 10ـی 2025 تیروپشکیان بۆ دەکرێت. ئەوانەی پێشتر حەجیان کردووە، ناویشیان تۆماربکەن سیستمەکە رەتیان دەکاتەوە."
 
شێخ نیاز نەقشبەندی گوتیشی: "ئەو ناوانەی پێشتر لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو 2023 تۆمارکرابوون، لەو سیستمەدا نییە و پێویستە هاونیشتمانییان دووبارە ناویان تۆماربکەنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."