سوودانی: هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکانی کەرکووک سزا دەدرێت

10-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانداریی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد و لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کەرکووک و رێگەکانی باشترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی شارەکە کرا. دەشڵێت، ئەگەر سەلمێندرا هەر کەس و لایەنێک لە پشت رووداوەکانی کەرکووکەوەیە، سزا دەدرێت.
 
کۆبوونەوەکە شەوی رابردوو، 09-09-2023، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لە بەغدا بەڕێوەچوو. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی، نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد. خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق، وەکو نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەکە "سەرکۆنەی رووداوەکانی کەرکووک"ـی کردووە و پێیوایە "هەڕەشە لەسەر ئاشتیی هاووڵاتییان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە دەکات"، بۆیە جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەوەی کراوە قبووڵ نەکراوە لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت و لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت و پێویستە هەموو لایەنەکان ئەولەویەت بە بەرژەوەندیی باڵای پارێزگاکە و هاووڵاتییانی بدەن و، گوتوبێژ وەک کلیلی رەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک بمێنێتەوە."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هاوپەیمانێتیەکە داوای پابەندبوون بە گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات کە پشتیوانی لە ئارامی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای کەرکوک بکات، کە تایبەتمەندی و هەمەجۆرییەکەی ناسراوە، چونکە سەرچاوەی هێز و شانازییە بۆ هەموو ئایین و نەتەوە و لایەنەکانی عێراق لە پارێزگاکەدا."
 
کۆبوونەوەکە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتن:
 
- پێکهێنانی لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە هاوپەیمانی بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکان، لەسەرەتادا چارەسەرکردنی کێشەی بارەگاکە و، لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ئیداری لە کەرکووک بە شێوەیەک کە هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بپارێزێت.
 
- پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی و سزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت.
 
- پابەندبوونی لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە لە بەرنامەی وەزیراندا جێگیرکراوە و، لەگەڵ دەستوور و یاسادا هاوسەنگە و لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە.
 
- راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی را و بۆچوونەکان لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
 
- پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەو شێوەیەی کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و، هەروەها لە پارێزگای کەرکووکیش ئەنجام بدرێت.
 
- پشتگیریکردن لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ میوانداریکردنی وەزیرانی دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان