یاریدەدەرە تورکمانە شیعەکەی پارێزگاری کەرکووک دەستبەکار بوو

10-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، یاریدەدەرە تورکمانە شیعەکەی پارێزگاری کەرکووک دەستبەکار بوو.
 
نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک بڵاویکردەوە، جەعفەر عەباس کەریم، یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی ئـەمڕۆ سێشەممە (10-09-2024) دەستبەکار بوو.
 
رێبواری تەها، پارێزگاری کەرکووک لەکاتی پێشوازیکردن لە یاریدەدەرە نوێیەکەی گوتی، "بەهۆی لێهاتوویی، دەستپاکی و پیشەییبوونی لە شوێنی کارەکەیدا هەڵبژێردراوە، بەبێ رەچاوکردنی نەتەوە."
 
یاریدەدەری کارگێڕیی پارێزگاری کەرکووک دووپاتیکردووەتەوە، "لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی پارێزگار و بە یەک تیم کار دەکەین بۆ خزمەتکردنی کەرکووک و خەڵکەکەی."
 
پارێزگاری کەرکووک رۆژی 05-09-2024 بە نووسراوێک پاڵپشت بە یاسای پارێزگاکان ژمارە 21ی 2008ی هەموارکراو، جەعفەر عەباس کەریم-ی راسپارد وەکو یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی.
 
جەعفەر عەباس کەریم، کەسایەتییەکی تورکمانی شیعە مەزهەبە، مامۆستایە لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک.
 
خەبات ئەسعەد، راوێژکاری پارێزگاری کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمیر سن لە پۆستی یاریدەدەری پارێزگار لابراوە لە شوێنی ئەودا جەعفەر عەباس کەریم راسپێردراوە وەک یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی.
 
راوێژکاری پارێزگای کەرکووک گوتی، جەعفەر عەباس کەریم کەسایەتییەکی تورکمانی شیعە مەزهەبە و نزیکە لە غەریب عەسکەر. 
 
غەریب عەسکەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری.
 
تورکمانە شیعەکانی کەرکووک بە لیستی کەرکووکنا بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردبوو؛ بەڵام هیچ کورسییەکی ئەنجوومەنەکەیان بەدەست نەهێنا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە. تاوەکو ئێستا سێ ئەندامی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقی بایکۆتی کۆبوونەوەکەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکەن لەبارەی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە