رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو 25 گەنجە کوردەی لە لیبیا ئازادکران، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو گەنجانە زیاتر لە 50 رۆژ لە گرتووخانەکانی لیبیا بوون، بە گوتەی عەبدولخالق محەممەد، "رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە."
عەبدولخالق محەممەد ئاماژی بەوەکرد، کەسوکاریان هەندێکیان لە ئیدارەی راپەڕین هاتبوونە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی کردن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دوو پاسی بۆ دابین کردوون بۆ بردنەوەیان لەگەڵ تیمی پزیشکی و چاودێری، هەروەها تیکتی گەڕانەوەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکرابوو.
ئەو گەنجانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، سەلیم پاشا، راوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان و عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەکە پێشوازییان لێکرا.
دوێنێ سێشەممە، ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، فڕۆکەی گەنجەکان کاژێر 08:30ی ئێوارە بە کاتی بەغدا لە تەرابلووسەوە بەرەو فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و دواتریش بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێکەوتووە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 90 کۆچبەر لە لیبیاوە بە 7 کاروان گەڕێندراونەتەوە.
ئەو گەنجانە زیاتر لە رێگەی تورکیا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەوە خۆیان دەگەیێننە لیبیا تاوەکو لەوێوە لە رێگەی دەریاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپا.
لیبیا بەسەر دوو حکومەتدا دابەش بووە؛ حکومەتی تەرابلووس کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە، هەروەها حکومەتێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی لیبیا هەیە و فەرمانڕەوایی بەشێکی خاکی ئەو وڵاتە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ