یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب و تەکنەلۆژیای زانیاری لە کەرکووک دەکرێتەوە

10-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب و تەکنەلۆژیای زانیاری لە کەرکووک بۆ 8 رۆژ بە بەشداریی زیاتر لە 70 دەزگای وەشان بەڕێوەدەچێت.

پێشانگەکە لە 25ـی ئەیلوولەوە تاوەکو 2ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، تێیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی، عەرەبی و تورکی بە بەشداریی کەسایەتیی رۆشنبیری و ئەدەبیی وڵاتانی جیاواز بەڕێوەدەچێ.
 
د. واسف حەمدی شوەیکی، سەرۆکی لیژنەی رێکخەری پێشانگاکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، رایگەیاند، نزیکەی 70 دەزگای وەشان لە پێشانگەکەدا بەشدار دەبن؛ 12 دەزگایان کوردین و ئەوانی دیکەش لە عێراق و وڵاتانی میسر، لوبنان، تورکیا، ئوردن، سعودیە، ئیمارات و سووریاوە بەشداری دەکەن.
 
پێشانگەکە لە هۆڵی قەسری ئەبیەز لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت. بە گوتەی د. واسف حەمدی شوەیکی، لە رۆژانی پێشانگەکەدا چەندین چالاکیی رۆشنبیریی جۆراوجۆر، وەک کۆڕ و کۆبوونەوەی گفتوگۆئامێز ساز دەکرێن.
 
پێشانگەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و بە هاوئاهەنگیی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە پارێزگاکەدا دەکرێت.
 
سەرۆکی لیژنەی رێکخەری پێشانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بانگهێشتی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەوروپاش کرابوون، بەڵام بەهۆی پێشخستنی وادەی پێشانگاکە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە بۆ ئەیلوول، نەیانتوانیوە بەشداری بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە