رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 7 مانگی ئەم ساڵدا نزیکەی دوو ملیۆن کیلۆگرام گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گوڵی سرووشتیش دەڵێن: "ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن گوڵی رۆس بەرهەم دەهێنین."
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە بڕێکی زۆر گوڵی سرووشتیی جۆری رۆس لە هەردوو رێگەی ئاسمانی و زەوینییەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
بە گوتەی کەمال رەئووف، لە 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا تەنیا لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ملیۆنێک و 98 هەزار و 845 هەزار گوڵی سرووشتیی تەڕ لە جۆری رۆس هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون. هەر لەو ماوەیەدا 561 هەزار و 480 گوڵ و خونچەی سرووشتیی بێڕەگ لە دەروازەی باشماخەوە هاوردە کراون.
سدقی ئیبراهیم، خاوەنی کۆمپانیای وەبەرهێنانە لە گوڵی سرووشتی، بە رووداوی گوت: "بە باشترین کواڵێتی، گوڵی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنین، بەگوێرەی پێویست بازرگانان ناتوانن وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکەن، بە پارەیەکی زۆر گوڵ لە دەرەوە هاوردە دەکەن، سەرەڕای هەبوونی کەشوهەوایەکی گونجاو لە هەرێمی کوردستان."
سدقی ئیبراهیم دەڵێت: "لە 10 هەزار مەتر زەویدا گوڵی سرووشتی دەچێندرێت، بەرهەمەکەی نزیکەی 8 هەزار گوڵە؛ ساڵانە دەکاتە دوو ملیۆن و 880 هەزار گوڵی سرووشتی (رۆس)."
بەدرەدین یوسف، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی دیکەی وەبەرهێنانی گوڵی سرووشتییە، بە رووداوی گوت: "پار زیاتر لە دوو ملیۆن گوڵی سرووشتیی رۆسمان بەرهەمهێنابوو، ئەم ساڵ بەپێی بەرنامەکانمان پێشبینی دەکەین بۆ شەش ملیۆن گوڵی زیاد بکەین؛ بەرهەمی هەر 10 هەزار مەترێک دوو ملیۆن گوڵە و داهاتی ساڵانەی 600 هەزار دۆلارە."
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە گوتی، گوڵەکان لە رێگەی گرین هاوسەوە، کە خانوویەکی پارێزراوە، بەرهەمدەهێنرێن و کەشوهەوایەکی لەباریان بۆ دەڕەخسێنرێت.
بەدرەدین یوسف گوتیشی: "دامەزراندنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گوڵی سرووشتی رێکار و کاتی زۆری پێویستە، هەندێکجار وەرگرتنی مۆڵەت دوو ساڵ دەخایێنێت، هەروەها ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە بۆ ئەم بوارە پێویستن، بە ئەستەم دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێوستە ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ