رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، لە نزیکەی سێ مانگدا فۆرم بە 230 منداڵی سەر شەقام پڕکراوەتەوە تاوەکو کارنەکەن.
رۆژی 11ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر لەسەر بابەتی سواڵکردن و کارکردنی منداڵان لە شەقامەکان، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان لە شەقام و ترافیکەکان.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژانە لە رێگەی توێژەرەکانمانەوە سەردانی شەقام و ترافیکەکان دەکرێ، تاوەکو بڕیارەکەی کارنەکردنی منداڵان جێبەجێ بکرێ و ئاگادار بکرێنەوە."
بە گوتەی یوسف چاوشین، کارکردنی منداڵان بووەتە دیاردە و خەڵکی زۆر بێزار کردووە. گوتیشی، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و بڕیارەکە وەک یەکەم شوێن لە هەولێر جێبەجێ دەکرێ، دواتریش پارێزگاکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی: "لەو کاتەوەی بڕیارەکە دەرچووە، فۆڕم بە 230 منداڵ پڕکراوەتەوە تاوەکو کارنەکەن؛ لە قۆناخی دووەمیشدا سەردانی خێزانەکانیان دەکرێ" بۆ ئەوەی بزانرێ چ کارێک پێویستە بکرێ.
سەرەتای مانگی حوزەیران، نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2023دا 290 منداڵ لە شەقامەکانی هەولێر کاریان کردووە."
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کە دراوەتە رووداو، ژمارەی منداڵانی کارکەر لە ساڵی 2022 بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
دهۆک: 560 منداڵ
هەولێر: 508 منداڵ
سلێمانی: 180 منداڵ
هەڵەبجە: 0 منداڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ