کوردستان
هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی نووسینگەی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئامێرەکانی پەنجەمۆری دەنگدەران هیچ گرفتێکیان نییە و ئەوانەی کە پەنجەیان ناخوێندرێتەوە، زیاتر گوندنشینەکانن کە بەهۆی کارکردنیان پەنجەیان سواوە یان قڵیشی بردووە".
کارزان محەممەد، چاودێری هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی و قەوارە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا پرۆسەی دەنگدان بە باشی و هێمنی بەڕێوەدەچێت".
ئەو بەرپرسە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بنکەکانی دەنگدان قەرەباڵخ نین، بەڵام هێشتا کاتێکی زۆر ماوە و زووە بۆئەوەی بڵێین بەشداریکردن کەمە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 10-10-2021، هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، لە بنکەیەکی دەنگدان لە خانەقین ئامێری پەنجەمۆر ناتوانێت مۆرەکە وەربگرێت، بەتایبەت پەنجەمۆری بەتەمەنەکان، ئەوەش گرفتی بۆ بەشێک لە دەنگدەران دروستکردووە.
ئەمڕۆ بە بەشداریی 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو ناوەندانەش بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ