رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی 70 ساڵ لەکاتی کارکردندا لە پێنجوێن گیانی لەدەستدا. پزیشکێک لە دادپزیشکیی پێنجوێن دەڵێت، ژنەکە دایکی هەشت کچە.
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2023، دکتۆر خالید عەبدوڵڵا، پزیشکی توێکاری لە دادپزیشکیی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لەکاتێکدا سەرقاڵی کرێکاری بوون و پەتاتەیان کۆکردووەتەوە، ئۆتۆمبێلێک لە دواوە هاتووە و بە هەڵە لە ژنێکی داوە و تووشی خوێنبەربوون بووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
ژنەکە خەڵکی ناحیەی خورماڵە و تەمەنی 70 ساڵە. دکتۆر خالید عەبدوڵڵا گوتی، ژنەکە دایکی هەشت کچە و بە خێزانی سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەتاتە بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 32 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە؛ 18 کرێکار لە سلێمانی، هەشت کرێکار لە هەولێر و شەش کرێکاریش لە دهۆک گیانیان لەدەستداوە؛ لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک گیانی لەدەستنەدابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ