رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانى حکومى و ئاینیی نەینەوا هۆشداری دەدەن لە دۆخى ئەو پارێزگایە، یەکێک لە پیاوانى ئایینى کریستیان پێیوایە، کە دەشتى نەینەوا لەسەر گڕکانە، پارێزگارى شارەکەش داواى چوونە دەرەوەى سوپا دەکات، بەڵام راوێژکارێکى سەرۆکوەزیران گەشبینە لەوەى لە قۆناخى داهاتوودا قایمقامى شنگال هەڵدەبژێردرێت.
رۆژی 10ى تشرینى یەکەمى 2023، دیدارى مێرى لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، یەکێک لە پانێڵەکانى تایبەت بوو بە دۆخى موسڵ بە ناوى "دۆخى نەینەوا، پێداویستى و ئاوات و تێڕوانینى خەڵک بۆ حوکمڕانی"
دەشتى نەینەوا "لەسەر گڕکانە"
نەجیب میخائیل، سەرۆکى ئەساقیفەى کلدانی لە موسڵ و ئاکرێ، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی پانێڵەکە رایگەیاند، ململانێکان لە نەینەوا رێکەوت نین و کەسانێک هەن کە دەیانەوێت دەست بەسەر شتێکدا بگرن، کە هى خۆیان نییە و هەندێکجار بۆ ئەو مەبەستە پەنا بۆ "رێگەى نامرۆڤانە" دەبەن.
نەجیب میخائیل گوتى: "دەشتى نەینەوا لەسەر گڕکانێکە کە نازانین کەى دەتەقێتیەوە، کە پشت بەخوا ناتەقێتەوە".
سەرۆکى ئەساقیفەى کلدانی لە موسڵ و ئاکرێ ئاماژەى بەوەشدا، ئاسایش و پێشکەوتنى ژێرخان تەنیا کەمێکە لەوەى کە دەیانەوێت و گوتیشى: "ئەگەر هەوڵى سڕینەوەی یەکدی بدەین هەمووان زەرەرمەند دەبین."
کورد و کریستیانەکان دابەش بوون
نەجم جبوورى، پارێزگارى نەینەوا کە یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی پانێڵەکە ئاماژەى بەوەدا، کە هەموو لایەک دەیەوێت هێز بەکاربهنێنێت لە پێناو بەدەستهێنانى پێگەیەکى سیاسى و گوتى: "ئەگەر سیاسییەکان وازمان لێ بهێنن ئێمە باشین."
پارێزگاى نەینەوا داوایکرد، پۆلیس دۆسیەى ئەمنیى شارەکە بگرێتە دەست و سوپا و هێزەکانی دیکە بچنە دەرەوەى شارەکە.
پرسی شنگال یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەى کە نەجم جبوورى لە پانێڵەکە باسی کرد، کە لە ساڵى 2021 ەوە رێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە کراوە بەبێ ئەوەى هەموو بڕگەکانى جێبەجێبکرێت.
پارێزگارى نەینەوا رایگەیاند: ململانێیەکى نێودەوڵەتى لە قەزاى شنگال هەیە و ئەو هەڕەشانەى مەترسین لەسەر شنگال پەیوەندارە بە بەئامانجگرتنى گرووپە چەکدارەکان و گوتیشى:" لە نەینەوا کورد و تەنانەت کریستیانییەکانیش دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا".
خزمەتگوزارى لە نەینەوا یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەى کە لە پانێڵەکە وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان باسکرا.
ئوسامە غەریزى لە پەیمانگەى ئاشتى ئەمەریکا لە پانێڵەکە گوتى: "نەبوونى ئاسایش لەو ناوچا دیارترین ئاڵنەگارییەکانە، خەڵک بێزارن لەم پرسە و خزمەتگوزارى پێویست نییە کە خواستەکانیان دابین بکات".
قایمقامى شنگال دیاری دەکرێت
زەیدان خەڵەف، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى مافى مرۆڤ لە پانێڵەکە رایگەیاند، حکومەتى ئێستاى خۆجێیی نەینەوا بۆماوەییەکى قورسى خزمەتگوزاری و کێشەى بۆ بەجێماوە
راوێژکارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق باسی لەو کارانە کرد کە حکومەت محەممەد شیاع سوودانى بۆ شنگال کردوویەتى.
زەیدان خەڵەف گوتى: "کارى زۆرمان لە شنگال کردووە لە پێشکێشکردنى خزمەتگوزارى و بڕینەوەى مووچە بۆ 1141 رزگاربووى ئێزدى دەستى داعش."
راوێژکارەکەى سەرۆکوەیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، لە قۆناخى داهاتوودا قایمقامی شنگال دیاریدەکرێت و کار دەکرێت بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى شنگال بە هاوکارى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) بە بەشداری سەرۆک و سەرکردەکانی کوردستان و عێراق رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، 10 و11ـی تشرینی یەکەمی 2023، دیداری مێری بەڕێوەدەبات. دیدارەکە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداوە. بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە گفتوگۆیەکی دیدارەکەدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ