رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ، چەند کەسێک بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی دوو تۆن زێڕ دەستگیر کران. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەڵێت، سزای پێبژاردنی 23 ترلیۆن تمەن و بەندکردنیان بۆ دەرچووە.
پێنجشەممە 09-10-2025، ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە شاری ماکۆی سەر بە پارێزگاکە، 10 کەس بە تۆمەتی ''بەقاچاخبردنی رێکخراو''ی دوو تۆن زێڕی عەیار 24 و عەیار 18 دەستگیرکراون.
بەگوتەی ناسر عەتەباتی، دوای تەواوبوونی قۆناخی لێکۆڵینەوە، دادگە لەسەر دۆسیەکە بڕیاری داوە و سزای پێبژاردن و بەندکردنی بۆ سەرجەمیان دەرکردووە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ورمێ لەبارەی بڕی پێبژاردنەکە گوتی، "دەستگیرکراوان تێکڕا بە پێبژاردنی 23 ترلیۆن تمەن (نزیکەی 205 ملیۆن و 357 هەزار دۆلار) سزا دراون".
ناسر عەتەباتی راشیگەیاند یەکێک لە دەستگیرکراوان بیانییە و خەڵکی تورکیایە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان، وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی کاڵا بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ