رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی شار پەلاماری پۆلیسیان داوە و تەقەیان کردووە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ کەسە نزیک کاژێر 01:00ـی شەوی رابردوو ویستوویانە لە نەخۆشخانەی شار بچنە ژوورەوە، پۆلیس گوتوویەتی کاتی پشوودانی نەخۆشە نەوەکو سەردان، ئەوانیش کردوویانە بەشەڕ و پەلاماری چەکی پۆلیسیان داوە".
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، تۆمەتبارەکان سێ کەس بوون و دەستگیرکراون.
پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند: "شەوی رابردوو پاش کاژێر 12:00ـی نیوەشەو، سێ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی سەردانی بەپێی یاسا و رێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا رێگەپێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە رێگەیان پێ نەداون، لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دوور لە راستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدا بووە، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دوو لە تۆمەتبارەكان دەستگیرکران و دواتر تۆمەتباری سێیەم دەستگیركراوە.
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، "س، س لەدایكبووی 1969 - ب، س، س لەدایكبووی 2006، ب، س، س لەدایكبووی 2004 " تۆمەتبارەکانن و بە گوێرەی مادەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراق راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ