19ـی مانگ دادگەی فیدراڵی بڕیار لەبارەی سکاڵاکەی سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات

10-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق 19ـی تشرینى دووەمى دياريکردووە بۆ ئەوەی بڕیار لە بارەی دوو سکاڵای یەکخراو بدات، کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دادگەکە تۆمارکراون.
 
 بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، دادگەکە رۆژی 19ى تشرینى یەکەمى 2023 کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەى دوا بڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بدات، کە دژ بە پێنج مادەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشکراوە.
 
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دانیشتنى رابردووى دادگە هەردوو لایەنى سکاڵاکار و سکاڵالێکراو راپۆرتی بەرگری خۆیان پێشکێشکردووە و دادوەر پێى گوتوون، تاوتوێی راپۆرتەکانیان دەکات و لە دانیشتنى داهاتوودا بڕیارى کۆتایی دەدرێت. وەعدى مزووى گوتیشی، "لەو دانیشتنەى دادگەدا تەنیا بڕیارى کۆتایی لەبارەى سکاڵاکە دەخوێندرێتەوە".
 
سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. دادگەکە هەردوو سکاڵاى لەسەر هەمان بابەت یەکخستن و کردییە یەک سکاڵا.
 
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەردوو سکاڵاکە کۆبووەوە، بەڵام دانیشتنەکەی بۆ 19ـی ئەم مانگە دواخست.
 
پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005، یەک هەڵبژاردن کرا کە لە ساڵى 1992 بوو. لە ساڵى 2004 یاساکە هەموار کرا و مادەى 9ـی لادرا کە باسی لەوە دەکرد، "هەرێمى کوردستان لە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن پێکبێت، بە مەرجێک لە چوار ناوچە تێنەپەڕێت" و کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن. ئەو مادەیە یەکێکە لەو مادانەی تانەیان لێدراوە.
 
ئەو پێنج مادەیەی تانەیان لێدراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوونەوە تۆمار کراوە. لە سکاڵاکاندا داوا کراوە مادەی 36ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان، ئاشوورییەکان، تورکمان و ئەرمەن" لە هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها داواکراوە مادەی 9ـی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت، کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
 
بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024، بە سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.