رووداو دیجیتاڵ
دوای داخرانی بازاڕەکانی جیهان بەهۆی پشووەکانی هەفتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا نرخی زێڕ بەرزبووەوە، لە هەرێمی کوردستانیش هەر مسقاڵێک 15 هەزار دیناری چووە سەر.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 820 هەزار دینارە، عەیار 22 بە 860 هەزار دینار و عەیار 18ـەش بە 703 هەزار دینارە.
نزیکەی هەفتەیەک نرخی ئۆنسەیەک زێڕی عەیار 21 لە 800 بۆ 805 هەزار دینار بوو.
ئەو نرخەی زێڕ لە سەر بنەمای نرخی یەک ئۆنسە بە 4 هەزار و 75 دۆلار دیاریکراوە.
بەپێی شرۆڤەکارانی بازاڕەکانی زێڕ لە جیهان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بەهۆی ناڕوونی لە ئاسۆی ئابووریی ئەمریکا روویداوە.
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا و لاوازبوونی هەستی بەکارهێنەران، بازرگانانی گەیاندووەتەوە ئەو باوەڕەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا سوودی بانکی کەم دەکاتەوە.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایانگەیاند: "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، کرانەوەی حکومەتی ئەمریکا دەتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ