رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی نوسێبین سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، ناوی گوندێكی سریانی دوای 60 ساڵ گەڕێندرایەوە و لە رێوڕەسمێکدا تابلۆ نوێیەکە لە دەروازەی گوندەکە دانرا.
دانیشتوانی گوندی (ئاربۆ) کە ساڵانێک لەمەوبەر ناوەکەی بۆ (تاشکۆی) گۆڕدرابوو، ماوەیەک لەمەوبەر داواکارییان پێشکێشی شارەوانیی نوسێبینی دەم پارتی کرد بۆ گەڕاندنەوەی ناوی رەسەنی گوندەکەیان.
ئەنجوومەنی شارەوانیی نوسێبین کۆبووەوە و بڕیاری دا ناوی (ئاربۆ)ی سریانیی گوندەکە بگەڕێنێتەوە. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەوانی لەلایەن قایمقامیەتی نوسێبینەوە پەسند کرا.
رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025 شارەوانیی نوسێبین و گوندنشینان تابلۆی (ئاربۆ)یان لە دەروازەی گوندەکە دانا.
هەریەک لە گوڵبین شاهین داغهان و سەڵاحەدین ئای، هاوسەرۆکانی سەرۆکانی شارەوانیی نوسێبین؛ دەڤرم دەمیر، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین؛ جۆرج ئاسڵان و ساڵحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی سریانی و خەڵکی ناوچەکە لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون.
جۆرج ئاسڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، گەڕاندنەوەی ناوی گوندەکە واتایەکی مێژوویی هەیە و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد لەم کارەدا رۆڵیان هەبووە.
پەرلەمانتار ساڵحە ئایدەنیز-یش جەختی لەوە کردەوە، گەڕاندنەوەی ناوی ئاربۆ هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ