رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک کشایەوە و پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد.
نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە 10-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئیمان عەبدولڕەزاق سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە."
ئیمان عەبدولرەزاق لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تاکە بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی بوو لە دهۆک، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و لەو هەڵبژاردنەش لە لیستی حیزبەکەی خۆی بەربژێر کردبوو، پێش ئەوەی بکشێتەوە.
پێشتر ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، ''یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت لە دهۆک پشتیوانی بەربژێری کۆتای مەسیحی بکات، بەڵام ئێمە رەتی دەکەینەوە".
ئەو رایگەیاندبوو، "بڕیاردراوە رێکخستنەکانی یەکێتی دەنگ بدەنە ئەسیر یۆخەننا کە بەربژێری کۆتای کریستیانە و سەر بە رەیان کلدانییە.''
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەربژێرانی دهۆکی حیزبەکەی کۆبووەوە، ئیمان عەبدولڕەزاق وەک رایگەیاندبوو، بەشداری کۆبوونەوەکە نابێت و ئامادەش نییە لە پێناو پشتیوانیکردن لە بەربژێری کۆتا وەک بەربژێر بکشێتەوە".
"بە باوەڕەوە چوومە ریزەکانی پارتی، نەک بە مەرج"
ئیمان عەبدولڕەزاق، دوای چوونی بۆ نێو پارتی بە رووداوی راگەیاند: "بە باوەڕەوە چوومە ریزەکانی پارتی، نەک بە مەرج، سەرکردایەتیی یەکێتی رێزی لە دەنگدەرانی بادینان نەگرت."
ئیمان عەبدولڕەزاق لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "نزیکەی 40 رۆژە خەریکی بانگەشەین، کارمان کردووە و دەرگە بە دەرگە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پاراستنی دەنگی کورد گەڕاوین، تا بڕیارێک لە سەرکردایەتیی یەکێتییەوە هات دەنگی خۆیان بدەنە بەربژێرێکی بیانیی سەر بە رەیان کلدانی، کە ئەمە وەکو ئەمر بوو بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەتی."
ئەو بەربژێرەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "قبووڵم نەکرد، نەمویست فێڵ لە ئیرادەی من، خەڵک و دەنگی یەکێتی لە بادینان بکرێت، یەکێتی خۆی داوای لێکردم ببمە سەرۆک لیست، دەبوو پێشتر ئەم بابەتەیان لەگەڵ من باس کردبا، نەک بەم شێوەیە و دوای ماندووبوونێکی زۆر. ئەو شتانە لە دوایین رۆژەکاندا ناکرێت."
مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی چوونی ئیمان عەبدولڕەزاق بۆ نێو پارتی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە دوێنێوە(یەکشەممە 9-10-2025) ئیمان عەبدولڕەزاق لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆکاری پەیوەندی بەستنی بە شێوەیەکی نهێنی بە لایەنێکی ترەوە لە ریزەکانی یەکێتی دەرکراو دورخراوەتەوە."
لە روونکردنەوەکەدا داواکراوە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لە دهۆک دەنگ نەدەنە ئەو بەربژێرە، لەجیاتی ئەوە دەنگ بدەنە ئەسیر ئیبراهیم بەربژێری کۆتا لە دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ