وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان زەمالەی خوێندن لە رووسیا رادەگەیێنێت

10-11-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وڵاتی رووسیا زەمالەى خوێندنى بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى 2026 - 2027 پێشکێشی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10- 11- 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، وڵاتی رووسیای فیدراڵ زەمالەی خوێندن بۆ بەرنامەی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای پێشکێش بە هەرێمی کوردستان کردووە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی خوێندنی باڵا، هەر کەسێک مەرجی داواکراوی تێدا بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی رووسیا هەبێت، بە لەبەر چاوگرتنی تێبینییەکان، دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی روونیکردووەتەوە، "پێویستە داواکار دۆسییەکانی وەربگێڕێتە سەر زمانی رووسی و لە کۆنسووڵخانەی رووسیا پشتڕاستی بکاتەوە؛ هاوپێچی ماڵپەڕەکەی بکات."
 
لەبارەی دواکاتی پێشکێشکردنەوە عەباس ئەکرەم دەڵێت: "رۆژی 15-01- 2026 دوایین کاتی پێشکێشکردنە." وەزارەتەکە ئەوەیشی روونکردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێشکێشکارانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی کۆماری عێراق جیا بکرێنەوە، پێویستە پێشکێشکار لە کاتی تۆمارکردن و پێشکێشکردندا، کرتە (کلیک) لەسەر ئەم دەستەواژەیە (Iraq Kurdish Autonomous Region) بکات. ژمارەی تۆمارکردن لە هەرێمی کوردستان بەم ژمارەیە (IRI- 10000/26) دەستپێدەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە دەشڵێت، "بۆ روونکردنەوەی هەر پرسیارێک سەبارەت بە پرۆسەی پێشکێشکردنەکە، دەستەیەکی تایبەت لە کۆنسووڵخانەی رووسیا لە هەولێر دادەنیشن و رۆژانی دووشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە لە کاژێر 10:00 تاوەکو 13:00 وەڵامی پێشکێشکاران دەدەنەوە."
 
مەرجەکانى پێشکێشکردن بۆ بەکالۆریۆس ئەمانەن:
 
- پێشکێشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- دەبێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرا بێت.
- بۆ ئەو پێشکێشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆریی پزیشکی پێشکێش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوازدەی زانستییان لە (85%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەوانەی داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکێش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوازدەى زانسییان لە (80%) کەمتر نەبێت. ئەوانەی داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکێش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستییان لە (75%) کەمتر نەبێت.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو، لەلایەن وڵاتی رووسیا پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر پێویستە پێشکێشکار سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکات.
- لەبەرئەوەی پێشکێشکردن راستەوخۆ لە رێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەت هیچ دۆسیەی لەبەردەست نییە تاوەکو کاری لەسەر بکات؛ بۆیە تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا مەکەن.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو، پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پر بکاتەوە. 
 
مەرجەکانى پێشکێشکردن بۆ ماستەر ئەمانەن:
 
- پێشکێشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکێشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت لایەنی کەم دوو ساڵ لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بروانامە خزمەتی هەبێت.
- پێشکێشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکێش بکات؛ واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر پێویستە پێشکێشکار سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکات.
- لەبەرئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لە رێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەت هیچ دۆسیەی لەبەردەست نییە تاوەکو کاری لەسەر بکات؛ بۆیە تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا مەکەن.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕ بکاتەوە. 
 
مەرجەکانى پێشکێشکردن بۆ دکتۆرا ئەمانەن:
 
- پێشکێشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکێشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت لایەنی کەم دوو ساڵ لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بروانامە خزمەتی هەبێت. 
- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکێش بکات؛ واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی رووسیاوە پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر پێویستە پێشکێشکار سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکات.
- لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لە رێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەت هیچ دۆسیەی لە بەر دەست نییە تاوەکو کاری لەسەر بکات؛ بۆیە تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا مەکەن.
- کەسی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕ بکاتەوە. 
 
عەباس ئەکرەم هۆشدارییەک بە فێرخوازان دەدات و دەڵێت: "هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنوێنییانەی سەرەوەی تێدا نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەیشی بۆ یەکسان ناکرێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە