رووداو دیجیتاڵ
لە فێستیڤاڵی سۆمەر لە هەولێر 111 ئەسپ و ماین لەسەر ئاستی تەمەنی جیاواز پێشبڕکێیان لەسەر خەڵاتەکان کرد، ئەو خەڵاتانەی 750 هەزار دۆلاریان بۆ تەرخانکرابوو. کێبڕکێکە تووندبوو، نمرەی بەدەستهاتووی جوانی ئەسپەکان لە یەکدییەوە نزیکبوو، هەمووان چاویان لە پلەکانی پێشەوەبوو.
دیار حاجی عەلی، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵی سۆمەر بوو بۆ جوانی ئەسپی عەرەبی و گوتی: ئەسپەکەم ناوی غامە، ئەسپی عەرەبی ئەسیڵە لە گێمەکەی خۆیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەحمەد رەشید، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت: یەکەمجارە بەشداریی دەکەم بە ئەسپێکی عەرەبی ئەسیڵ، ئەسپەکەم تەمەنی ساڵێک و هەشت مانگە، پلەی چوارەمم بەدەستهێنا.
پاڵەوانییەتییەکە کە یانەی ئەسپسواری هەولێر سەرپەرشتیی دەکرد نێودەوڵەتی بوو، هەر بۆیە ناوبژیوانەکان لە وڵاتانی ئیمارات، ئیتاڵیا، سویسرا، فەرەنسا و رووسیاوە هاتبوون.
عەبدولعەزیز حوسێن، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئەسپسوارییە لە ئیمارات و گوتی: دووەم پاڵەوانییەتییە من دێم بۆ هەولێر و ناوبژیوانی تێدا دەکەم، ئاستەکە پێشکەتووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەسپی جوانی تێدایە، بەڵام داواش دەکەم بۆ ساڵانی داهاتوو ئاستەکە بەرزتر بکرێتەوە، چونکە پاڵەوانییەتییەکە نێودەوڵەتییە.
لە پاڵەوانییەتی ئەمجارە ژمارەیەکی زۆری شارەزا و خاوەن کێڵگەکانی ئەسپ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهان بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ