رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی چیرۆکە کاریگەرەکەی مەهتاو ئەحمەد، ژنێکی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی ناحیەی شۆڕش، لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی دەزگا خێرخوازییەکان بەپەلە بە هانای زیانلێکەوتووانەوە بچن. دەزگای روانگەش پلانی هەیە لە سێ رۆژدا هاوکاریی بگەیێنێتە 1200 ماڵی زیانلێکەوتوو لە چەمچەماڵ و گەرمیان.
مەهتاو ئەحمەد، هاوژینی پێکنەهێناوە و لەگەڵ ماڵی براکەی دەژی، لە گەڕەکی باواییەکان لە ناحیەی شۆڕش. بە گریانەوە باسی لە رووداوەکە کرد و گوتی: "قوڕ و لیتە هاتووەتە نێو ماڵەکەم و خانووەکەم وێران بووە. هیچ شتێکم بۆ دەرنەچوو، لەکاتێکدا کەلوپەلەکانم خێرخوازان بۆیان دابینکردبووم."
خەمی گەورەی مەهتاو، جگە لە لەدەستدانی ماڵەکەی، مرداربوونەوەی ئەو دوو سەر ئاژەڵە بوو کە بەخێوی دەکردن بۆ ئەوەی بە فرۆشتنیان قەرزی کڕینی خانووەکەی بداتەوە. ئەو بە دەروونێکی بریندارەوە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "گوتیان لافاو هات، بەپەلە منداڵەکانی براکەم بردە سەربان. کە هاتمەوە حەوشەکە، لافاو ماڵەکەمی داپۆشیبوو. خوای گەورە ئەوەیشی پێ رەوا نەبینیم."
دەستبەجێ دوای دەرکەوتنی لە رووداو، چەندین دەزگای خێرخوازی وەڵامی فرمێسکەکانی مەهتاویان دایەوە و تیمەکانیان گەیشتنە ناوچەکە.
هەریەک لە دەزگاکانی روانگە، خێرخوازیی بارزانی و حاجی ئیدریس سوورچی هاوکاریی دەگەیێننە زیانلێکەوتووانی لافاو. بەڵێنی هاوکاریکردنی مەهتاو دەدرێت.
دەزگای روانگە، پلانی هەیە لە ماوەی سێ رۆژدا هاوکاری بگەیێنێتە 1200 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاو لە چەمچەماڵ و گەرمیان. ئێستا هاوئاهەنگی دەکەن لەگەڵ لیژنەی باڵای کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی لە کەلار و چەمچەماڵ، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC)، و ئیدارە خۆجێییەکان بۆ دیاریکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکان و دابەشکردنی هاوکارییەکان.
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگاکە، لە بەرپرسیار گوتی:" هاوکارییەکانمان کوالێتییان بەرزە و ئێستا وەک قۆناخی یەکەم هاوکاریی دەگەیێنینە 400 ماڵی زیانلێکەوتوو کە پێکهاتوون لە رایەخ، بۆ هەرماڵێک 5 دۆشەک، 5 بەتانی، شیر و پێداویستییەکانی منداڵ، سۆپای گەرمکەرەوەی جۆری تۆربۆ، ئەمە سەرەڕای گەیاندنی فریاگوزاری پزیشکی. بەپێی پلانی قایمقامییەت و بۆ سبەی کاژێر 10ـی بەیانی دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکرێت."
دەزگای روانگە بە سێ قۆناخ هاوکاریی دەگەیێنێتە زیانلێکەوتووان. حەسەن شێخ عەلائەدین، گوتی: "بەپێی قەبارە و جۆری زیانەکان، هاوکارییەکان دەگەیێنین. نامانەوێت ئاڵۆزی دروستبکەین، بەپێی پلانی حکومەت و لیژنەکان و ئیدارە خۆجێیەکان دەچین. هەموو پێداویستییەکانمان لایە و لیژنەکانمان لە دوێنێ شەوەوە سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کردووە و چاوەڕێی بڕیاری حکومەت و ئیدارەی خۆجێیین. لە ماوەی سێ رۆژ و بە سێ قۆناخ هاوکارییەکان دەگەیێنین."
مەهتاو، زیاتر باسی دۆخی خۆی کرد و گوتی: " دوو رۆژە بەهۆی لافاو و خەمی لەنێوچوونی ئاژەڵەکانم نانم نەخواردووە. کەلوپەلی نێوماڵم هەمووی ئاو بردی، چووم لە دووکان بە قەرز شیر و دایبیم بۆ منداڵەکانی براکەم هێنا. ئاوارەبووین. ئاو چووەتە تەواوی ماڵەکەم و خانووەکەی تەقاندووە. لە بەیانییەوە قوڕاو لە ماڵ دەردەکەم."
دەزگای خێرخوازیی بارزانیش، بەڵێنی هاوکاریی بەپەلەی دا. ئیسماعیل عەبدولعەزیز، سەرپەرشتیاری قەیرانەکان لە دەزگاکە، لە بەرپرسیار گوتی: "سەردانی ماڵی مەهتاو دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆی دابین دەکەین." دەزگاکە 5 تیمی لە چەمچەماڵن و رۆژانە خواردن بۆ زیاتر لە 1000 زیانلێکەوتوو ئامادە دەکەن و پاشماوەی لافاو لەنێو ماڵەکان پاکدەکەنەوە.
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوای وەرگرتنی ناوی زیانلێکەوتووان لە دەزگا فەرمییەکانی حکومەت و ئیدارەی خۆجێی پاشان دەیگەیێنن. ئیسماعیل عەبدولعەزیز، گوتی: "جۆری هاوکاریی هەر رێکخراوێک لەگەڵ رێکخراوێکی دیکە جیاوازە بۆ ئەوەی دووبارەبوونەوە دروستنەبێت. هەر کات لیستی زیانلێکەوتووانمان وەرگرت، ئێمە خۆمان هاوکارییەکان دەگەیێنینە بەر دەرگەی ماڵەکانیان."
تیمێکی دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی بۆ هاوکاریکردن و پاککردنەوەی پاشماوەی لافاو لە چەمچەماڵن و سەردانی ماڵی مەهتاو ئەحمەدیان کرد و
بەڵێنی گەیاندنی هاوکارییان پێیدا.
بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان لە دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، لە بەرپرسیار گوتی: "سەردانی ماڵی مەهتاومان کرد. ماڵەکەی وێران بووە و هیچ کەلوپەلێکی بۆ دەرنەچووە. نێوماڵەکەشی قوڕ و لیتە دایپۆشیوە. هەڵسەنگاندنمان بۆ ماڵەکە کرد و هاوکارییەکانی وەکو؛ ماڵەکە پاکدەکەینەوە. هەموو کەلوپەلەکانی نێوماڵی وەک دانیشتن، خەوتن، گەرمکەرەوە و تەواوی کەلوپەلی نێوماڵی بۆ دابین دەکەین."
دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، هاوکارییەکانی وەکو؛ ژەمی گەرمی خواردن، ئاوی پاک، گەرمکەرەوە، بەکرێگرتنی خانوو بۆ چەند زیانلێکەوتوویێک، دابینکردنی دۆشەک و بەتانی، ئازووقە و خواردن بۆ زیانلێکەوتووان دابین دەکەن.
لافاوەکەی سنووری قەزای چەمچەماڵ، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 2 هاونیشتمانی و برینداربوونی 15ـی دیکە، هەروەها زیانێکی زۆری مادی بە خانوو و موڵکی هاونیشتمانییان گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ