کوردستان
دیمەنی هەوڵی تیمەکان لە سنووری گەرمیان بۆ رزگاکردنی هاونیشتمانییان لە لافاو. وێنە: پەیجی ئیدارەی گەرمیان/شەوی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای دروستبوونی مەترسیی شکانی بەربەستەکان، هۆشداری درایە خەڵکی کەلار و ئەگەری "لافاوی زۆر" بۆسەر شارەکە هەیە.
عارف عادل، قایمقامی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەترسیی شکانی بەربەستەکانی/ساترەکانی چەمی گۆبان و هاتنی لافاوی زۆر بۆ کەلار هەیە."
قایمقامی قەزای کەلار ئاماژەی بەوەش کرد، "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم دووربکەونەوە لە رێڕەوی ئەو چەمانە و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. ئاگاداربن بۆ هەر ئەگەرێک، پەیوەندی بە تیمەکانی ئیدارەی گەرمیان بکەن."
عارف عادل گوتیشی، بەربەستەکان نزیکن لە شکانەوە، "بۆیە داوا دەکەین ئەو ماڵانە دووربکەونەوە کە لە نزیک چەمەکانن."
سێ بەنداوەکەی سنووری گەرمیان سەرڕێژ بوون
بەهۆی بارانی بەخوڕی ئەم چەند رۆژە، سەرجەم سێ بەنداوەکەی سنووری گەرمیان کە بریتین لە بەنداوەکانی باوەشاسوار، ئاوەسپی و تورەجاڕ، سەرڕێژ بوون.
بەنداوی باوەشاسوار لە کفری 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەنداوی ئاوەسپی لە ناحیەی خان 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و بەنداوی تورەجاڕ لە ناحیەی شێخ تەویل دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.
بە کۆی هەر سێ بەنداوەکەی گەرمیان، 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە. هاوکات بەشێکی زۆری گۆمە دەستکردەکانی گەرمیانیش سەرڕێژ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ