رووداو دیجیتاڵ
لافاو زیانێکی زۆری بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ گەیاند. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، 500 کتێبی سەردەمی و کواڵیتی باش بۆ کتێبخانەکە دەنێرن.
رۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی هاوکاری و خەمخۆریمان بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کە زیان بە بەشێکی زۆری کتێبەکانیان گەیشتووە، لەسەر بڕیاری پ.د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، 500 کتێبی سەردەمی، دانسقە و کواڵیتی بەرزیان بۆ دەنێرین."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە گوتی، "ئەو 500 کتێبە بابەتی بەسوودن بە ناونیشانی جۆراوجۆر."
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، سبەی دەست بە رێکارەکان دەکرێت و کتێبەکان ئامادە دەکرێن و بۆیان دەنێردرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین باسی لەوەش کرد، "بەهۆی لافاوەکەوە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیاتر لە 10 هەزار کتێبی تێکچوو و تەڕ بوو."
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە ساڵی 1976 دروست کراوە. هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەکە روونیکردەوە، "لەسەرەتای دروستبوونی کتێبخانەکەوە، کۆمەڵێک کتێبی بەنرخ و دانسقەی تێدا پارێزراو بوو کە بە هیمەتی خەڵک کۆکرابوونەوە، بەهۆی لافاوەوە هەموویان لەنێوچوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ