رووداو دیجیتاڵ
لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانی بە کتێبخانەی گشتیی شارەکە گەیاندووە. بەڕێوەبەری کتێبخانەکە دەڵێت، "زیانێکی زۆر بە کتێبی دەگمەن و دانسقەی کتێبخانەکە، رۆژنامە و گۆڤاریش کەوتووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025 هێرش عەبدولڕەحمان بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی گوت، "کتێبخانەکەمان کەوتووەتە شوێنێکی چاڵەوە، بەهۆی لافاوەکەی دوێنێوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و وێران بووە."
دوێنێ سێشەممە 09-12-2025 لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان دروستبوو، بەگوێرەی ئامارەکان 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. قائیمقامی چەمچەماڵ گوتی، زیان بەر 500 ماڵ و 100 دووکان کەوتووە. کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵیش یەکێکە لەو دەزگایانەی زیانی زۆری بەرکەوتووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، "بەم دواییە بە هەوڵی خوێنەران و نووسەران، هەوڵدرا کتێبخانەکە رێکبخرێتەوە؛ بەڵام بەهۆی لافاوەکەوە یەک مەتر ئاو لەنێو باڵەخانە و کتێبەکان کۆبووەتەوە و وێران بووە."
بەهۆی لافاوەکەوە، لە هەرێمی کوردستاندا، 5 فەرمانگەی حکومی (تاپۆ، پاسپۆرت، رۆشنبیری، پۆلیس و قایمقامیەت) لە چەمچەماڵ ئاویان تێچووە.
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە ساڵی 1976دا دروستکراوە؛ هێرش عەبدولڕەحمان روونیکردەوە، "لە سەرەتای دروستبوونی کتێبخانەکەوە، کۆمەڵێک کتێبی بەنرخ و دانسقەی تێدا پارێزراو بوو، کە بە هیمەتی خەڵک کۆکرابوونەوە، بەهۆی لافاوەوە هەموویان لەنێو چوون."
لەبارەی پاککردنەوە و رێکخستنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵەوە، بەڕێوەبەرەکەیان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کوردستان دەکات کە هاوکارییان بکات و دەشڵێت، "لەژێر کۆنترۆڵی ئێمە دەرچووە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ، سەتان کتێبی مێژوویی، زانستی و پزیشکین کە دەستناکەون؛ هاوکات کۆمەڵێ گۆڤار و رۆژنامەی تێدا کۆکرابووەوە؛ هاوکات لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش کتێب بۆ کتێبخانەکە رەوانە کرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ