باوکی بۆکان، ئەو کچەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ خنکا: هاواری کردبوو، بەڵام کەس نەبوو رزگاری بکات

46 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
چیرۆکە ناخهەژێنەکانی لافاو لە چەمچەماڵ
چیرۆکە ناخهەژێنەکانی لافاو لە چەمچەماڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمە خۆبەخشەکان و دانیشتووانی ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ، قۆڵیان لە قوڕ و لیتای لافاوەکەی دوێنێ هەڵماڵیوە و سەرقاڵی پاککردنەوەی ماڵ و کۆڵانەکانیانن، لافاوێک کە جگە لە وێرانکاری، بە گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی کۆتایی هات.
 
بەشارەت شەریف، باوکی "بۆکان"ـی تەمەن 22 ساڵە، یەکێکە لەو دوو قوربانییەی لافاوەکەی ناحیەی شۆڕش. باوکەکە وردەکاریی ساتی لافاوە ترسناکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، چیرۆکێک کە وەک دەگوترێت، "مەگەر تەنیا لە فیلمەکاندا بینرابێت".
 
بەشارەت توانیویەتی سێ منداڵی دیکەی لە خنکان رزگار بکات، بەڵام فریای بۆکان نەکەوتووە کە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە.
 
باوکی بۆکان دەڵێت: "بە منداڵەکانم گوت لەوانەیە ئاو بێت ئاگاتان لەخۆتان بێت، ئەوەندەم زانی ماڵ پڕبوو لە ئاو. بە پێی پەتی ڕامکرد ئۆتۆمبێلەکەم بردە شوێنێکی بەرز، کە گەڕامەوە سێ منداڵم هەبوو بە باوەش دەرمکردن، ئەم منداڵەم کە مرد خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، لە من وابوو لای منداڵەکانی دیکەمە و لەوانیش وابوو لای منە".
 
بە گوێرەی قسەی باوکەکە، بۆکان هەوڵی خۆرزگارکردنی داوە، بەڵام ئاوەکە زاڵبووە بەسەریدا: "چووبووە سەر سنگی قاپشۆردنەکەش، هەرچەند پەلەقاژەی کردبوو، بەڵام ئاوەکە زۆر بوو خنکاندبووی".
 
"هەرچیمان هەبوو ئاو بردی"
 
ئێستا دانیشتووانی شۆڕش شەو و ڕۆژ خەریکی پاککردنەوەی پاشماوەی لافاوەکەن، زۆربەشیان گلەییان هەیە و داوای قەرەبوو دەکەن، چونکە زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتووە.
 
سەمەد عوسمان، یەکێکە لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و دەڵێت: "دوو شەوە خەریکی پاککردنەوەی ماڵەکانین، هیچمان بۆ دەرنەچووە، هەرچیمان هەبوو ئاو بردی".
 
شوان فاتیح، کاسبکارێکی ناحیەکەیە و لافاو زیانی بە دووکانەکەی گەیاندووە، ئەو بە رووداوی گوت: "دووکانەکەی من ئەلەمنیۆم بوو، ئامێری قەوسم هەیە کە گرانبەهایە، بە گشتی زەرەری زیاتر لە دوو دەفتەر و نیو دۆلارم لێکەوتووە".
 
بەهێزیی لێشاوی ئاوەکە بەجۆرێک بووە، خەڵک ناچاربوون دیوار بشکێنن بۆ ئەوەی گیانی خۆیان و دراوسێکانیان رزگار بکەن.
 
محەممەد ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی ناحیەکەیە و دەڵێت: "ماڵی من زیاتر لە مەترێک ئاوی تێدابوو، خەڵکمان بە کۆڵ رزگار کردووە، دیوارمان شکاند و ژنی بەتەمەنمان رزگار کرد".
 
بەهۆی کاریگەریی لافاوەکەوە، ژێرخانی ناحیەکەش زیانی بەرکەوتووە و گرفت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبا دروستبووە. 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، پێدەچێت ئاساییکردنەوەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە ناحیەی شۆڕش نزیکەی هەفتەیەکی دیکەی پێویست بێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە