کۆسرەت رەسووڵ بۆ میدیاکاران: دووربکەونەوە لە زمانی زبر

11-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان داوا لە سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان و میدیاکاران دەکات دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زمانی زبر و نەبنە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. دەشڵێت، "لەپێناو یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و گەیشتن بە ئامانجە بەدینەهاتووەکانی میلـلەتەکەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و بە ئامانجی خزمەتکردنی گەلەکەمان، پیشەییانە کاربکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، بەبۆنەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێوە کە زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی پەیامێکی ئاراستەی سەرنووسەر و سکرتاریەتی نووسین و ستافی رۆژنامەی کوردستانی نوێ کرد، پیرۆزبایی دەرچوونی رۆژنامەکەی لێکردوون.
 
کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "بە درێژایی مێژوو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بە راگەیاندن داوە و هەمیشە بڕوای وابووە زەمینەی ئازادیی رادەربڕین فراوانتر بکرێت و لە رێگەی راگەیاندنەوە خزمەتی کۆمەڵگە بکرێت، هەر بەو ئامانجەش لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 لە هەولێری پایتەخت، بە هاوکاریی نووسەران و رۆشنبیران توانیمان رۆژنامەی کوردستانی نوێ دابمەزرێنین."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کۆسرەت رەسوڵ عەڵی دەڵێت، "یادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بە دەرفەت دەزانم، داوا لە سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان و میدیاکاران بکەم دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زمانی زبر و نەبنە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، لەپێناو یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و گەیشتن بە ئامانجە بەدینەهاتووەکانی میلـلەتەکەمان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و بە ئامانجی خزمەتکردنی گەلەکەمان، پیشەییانە کاربکەن."
 
کوردستانی نوێ، رۆژنامەی زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ژمارە سفری لە 12-1-1992دا دەرچووە، رۆژی پێنجشەممە، 12-1-2023، ژماره‌ 8 هه‌زار و 836 ـی دەردەچێت و بەوەش 32 ساڵه‌ بەردەوامە لە دەرچوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاهەنگی ئەکیتۆ لە ساڵانی رابردوو لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیڤی رووداو

ئاهەنگەکانی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی بابلی - ئاشووری هەڵوەشێندرانەوە

بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە و کاریگەرییەکانی شەڕ، قایمقامی دهۆک گوتی، سەرجەم ئاهەنگ و چالاکییە گشتییەکانی تایبەت بە سەری ساڵی نوێی بابلی - ئاشووری (6776) و جەژنەکانی ئەکیتۆ لە هەموو شوێنێک هەڵوەشاوەتەوە.