رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بازگەی باوە مەحموود لە سنووری گەرمیان بەڕووی ئەو کاڵایانەدا بکرێتەوە کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "زیاتر لە 500 هەزار شوفێر و کاسبکار لەم بڕیارە سوودمەند دەبن."
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان و وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بازگەی باوە مەحموود بەرووی کاڵای هاوردەکراودا بکرێتەوە کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێن."
بازگەی باوە مەحموود لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای دیالەیە. ئەو پەرلەمانتارەی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 8 مانگە بازگەکە بە رووی گواستنەوەی کاڵای هاوردەکراو بۆ ناوەڕاست و باشوور داخراوە بەهۆی دروستبوونی کێشەی جیاوازیی گومرگی لەنێوان دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان و باشماخ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
بە پاساوى نەبوونی پێداویستى و خزمەتگوزاریى تەواو، بازرگانان کە لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان ( پەروێزخان و باشماخ) و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کاڵایان هاوردە دەکرد، دەبوو کاڵاکانیان لە رێگەی بازگەی چیمەن لە کەرکووکەوە ببەن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ شوفێران و کاسبکاران دروست کردبوو، دەبوو رێگایەکی زۆر ببڕن.
سروە محەممەد دەڵێ، "دەروازەی پەروێزخان نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە بازگەی باوە مەحموودەوە دوورە، بارهەڵگرەکان هیچی دیکە ناچنە بازگەی چیمەن، ئەو بارگرانیە زۆرەی سەر شوفێران و کاسبکاران ناهێڵێت کە زیاتر لە 500 هەزار شوفێر و کاسبکار لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشتر بازگەی باوە مەحموود تەنیا بەڕووی کاڵای ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا کراوە بوو، بەڵام ئێستا دەروازەکە فراوان کراوە و سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە؛ هەروەها نووسینگەیەکی گومرگی لە نێو بازگەکە کراوەتەوە بۆ ئەوەی کاروبارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی رایی بکرێن.
رۆژی دووشەممە 9ی شوباتی 2026، لەلایەن سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە نووسراوی فەرمی دەرکرا بۆ کردنەوەی نووسینگەی گومرگیی بازگەی باوە مەحموود.
ئەو کاڵایانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە جیاوازیی گومرگییان لێ وەردەگیرێت کە دەبێت لەگەڵ ئەو گومرگەی لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بکاتە ئەو رێژە گومرگەی حکومەتی فیدراڵی کە لە پێناسی نوێی گومرگیدا دیاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ